كەركووك ئاراراتی گۆڵباران كرد

:: PM:06:41:23/02/2017 ‌
لە چوارچێوەی خولی پێشمەرگەی كوردستان یانەی كەركووك بە چوار گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە یانەی وەرزشی ئاراراتی بردەوە و خۆی گەیاندە چوارگۆشەی زێڕینی خولەكە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 23ی شوبات لە چوارچێوەی خولی پێشمەرگەی كوردستان یانەی وەرزشی كەركووك لەنێو یاریگەی خۆیدا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بە گۆڵێك لە یانەی وەرزشی ئەراراتی بردەوە و گەیشتە چوارچێوەی زێڕینی خولەكە.
ئەنجامی گێمی یەكەمی یارییەكە بە دوو گۆڵ بە گۆڵێك بۆ یانەی كەركووك تەواو بوو و گۆڵی یەكەمی كەركووك لەلایەن یاریزان عەلی سیروان لە خولەكی 10دا تۆماركرا، پاش تەنیا پێنج خولەك یاریزان ئامانج فەخرەدین گۆڵی بەرانبەری بۆ یانەی ئارارات تۆمار كرد و یارییەكەی یەكسان كردەوە. پاش ئەم گۆڵە بنجامین ئۆكۆباجی یاریزانی پیشەگەری كەركووك لە خوله‌كی 37ی گێمەكەدا گۆڵی دووەمی تۆمار كرد.

لە سەرەتای گێمی دووەمی یارییەكەدا ڕاهێنەری یانەی ئارارات بۆ یەكسان كردنەوەی یارییەكە، بە دوو گۆڕین ویستی هێڵی هێرشبەری تیپەكەی بەهێزتر بكات، كەچی یاریزان بەرهەم بەهائەدین گۆڵی سێیەمی بۆ كەركووك تۆمار كرد و بە یەكجاری ورەی یاریزانانی ئاراراتی ڕووخاند. پاش گۆڵی سێیەمی كەركووك یاریزانانی یانەكە بەوپەڕی بڕوابەخۆبوونەوە هێڕشەكانیان چڕتر كرد هەتا لە پێنج خولەكی پێش بەكۆتا هاتنی یارییەكە یاریزان محەمەد سامی گۆڵی چوارەمی بۆ یانەی كەركووك تۆمار كرد و یارییەكە بەم ئەنجامە كۆتایی هات.
  
كەركووك: نەبەز ڕۆستەم



وشە - عه‌لی سدیق