ئێران دەستی کردووە بە گرتن و راوەدوونانی چالاکانی رۆژهەڵات

:: PM:04:08:21/01/2021 ‌
ماوەی 10 رۆژە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی کردووە بە راوەدوونانی چالاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەو ماوەیەدا زیاد لە 50 هاووڵاتی کوردی گرتووە.
سوپای پاسداران شەوانە و بەبێ مۆڵەتی دادوەر هەڵدەکوتێتە سەر ماڵەکانیان

لە رۆژی 11ی کانوونی دووەمەوە ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی کردووە بە گرتنی ژمارەیەک چالاکی مەدەنی تا ئێستە روون نییە بە چ تۆمەتێک ئەو چالاکانە گیراون.

ئاژانسی هەواڵی ئەوروپای ئازاد بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ئەو 10 رۆژەدا لە شارەکانی مهاباد، بۆکان، مەریوان، سنە، پیرانشار و نەغەدە و تاران و کەرەج ژمارەیەک چالاکی کورد گیراون و چارەنووسیان نادیارە.

ئاژانسی هەواڵی دویچەڤێلەی ئەڵمانی نووسیویەتی، ژمارەی گیراوانی کورد لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو لە ئێران گەیشتووەتە 51 چالاکی مەدەنی و سیاسیی و تا ئێستە دیار نییە بە چ هۆکارێک ئەو چالاکانە گیراون.

هاوکات، رێکخراوی مانی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بە پاڵەپەستۆکانی رژێمی ئێران داوە بۆسەر گروپی مۆسیقای ژنانی گلاریس لە کرماشان و دوو ئەندامی ئەو گروپە لەلایەن ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە گیراون.
تا ئێستە هۆکاری گرتنەکانیان دیار نییە و کەسیش ئاگاداری چارەنووسیان نییە

سوپای پاسداران لە کرماشان هەریەکە لە نازەنین ئەتابەکی و نەسرین یەزدانیپوور، دوو هونەرمەندی گروپی مۆسیقای ژنانی گلاریسی کرماشانی گرتووە و دواتر سەرجەم ئەندامانی ئەو گروپەی بانگهێشت کردووە و دوای دوو سەعات لێپێچینەوە، بەڵێننامەی پێ پڕ کردوونەتەوە.

پاساوی رژێمی ئێران بۆ گرتن و بانگهێشتی ئەندامانی ئەو گروپە بەشداریکردنیان بووە لە ریکلامێکی بازرگانی، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە ئەو گروپە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە مۆڵەتی کارکردنیان لێ وەرگیراوەتەوە و رێگەیان پێ نادرێت هیچ کۆنسێرت و چالاکییەک بەڕێوە ببەن.

ئەو گروپە لە ساڵی 2017 لە کرماشان دامەزراوە و گرنگییەکی زۆر بە مۆسیقای فۆلکلۆری ناوچەی کرماشان دەدەن و تا ئێستە چەندان کۆنسێرت و ڤیدیۆ کلیپیان لە شارەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان تۆمار کردووە.
دەیانهەوێ دانپێدانانێکیان پێ واژوو بکەن کە بەر لە گیرانیان ئامادە کراوە

لە شاری سنە هێزەکانی سوپای پاسداران شەوەکی هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و چالاکانی مەدەنی بەبێ مۆڵەتی دادوەر دەگرن، شەوی رابردوو لە شارۆکەی سیروانی سنە هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی چالاکێکی ژینگەیی بەناوی عەبدوڵا ئەساڵ و رفاندوویانە، تا ئێستە ماڵباتەکەی نازانن چارەنووسی ئەو چالاکە کوردە چی لێ هاتووە.

هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران هاوشێوەی سنە هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەک چالاکی مەدەنی لە بۆکان و تا ئێستە هەشت هاووڵاتی بە ناوەکانی، ڕۆژین محەمەدپوور، فەریبا ئەحمەدی، حوسێن میهرەبانی، هێرش ڕەسووڵپوور، فواد محەمەدپوور، قادر ڕەسووڵپوور، محەمەد حاجی ڕەسووڵ پوور و عەلی زولفی گیراون.

بە گوێرەی ماڵپەڕی ئەوروپای ئازاد، ئەو گیراوانە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە خراونەتە گرتووخانە و لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا هەوڵی ئەوە دەدەن دانپێدانانێک واژوو بکەن کە پێشتر بۆیان ئامادە کراوە.

ئەو چالاکانە زۆربەیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی کوردی رۆژهەڵات لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و ئیتڵاعات دەیەوێت دانپێدانانێک واژوو بکەن کە پێشتر ئامادەی کردووە، بەڵام تا ئێستە دیار نییە ئەو گیراوانە دانپێدانانەکانیان واژوو کردووە یان نا.

ئەو هەڵمەتە لە کاتێکدایە لە تەلەڤزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران سووکایەتی بە ژنان کورد و جلوبەرگی کوردی دەکرێت و پلانێکی داڕێژراو هەیە بۆ بەئامانجگرتنی هێما نەتەوەیییەکانی کورد لەلایەن رژێمی ئێرانەوە، بەڵام لە بەرانبەردا هاووڵاتییانی رۆژهەڵات بە یەکگرتوویی لە ماوەی هەفتەی رابردوو بەگژ ئەو سیاسەتی سووکایەتیکردن و بێڕێژییە دا چوونەوە.


وشە - هیدایه‌ت جان