جەنگی سوودان و ئەسیوپیا.. ئامرازێك بۆ شاردنەوەی تەنگژەی ناوخۆیی

:: PM:04:27:21/01/2021 ‌

پێوەندی نێوان سوودان و ئەسیوپیا لە نێوان هێوربوونەوە و پەرەسەندن و جەنگەوە یاری دەكات، ئەوان كێشەی سنووریان هەیە و ناوچەی كێشەلەسەریان هەیە، جیا لە بەنداوی نەهزە كە ئەسیوپیا دروستی دەكات و بۆ تەواوی ناوچەكە كێشەی هەیە، چاودێران پێیان وایە سەرهەڵدانی ناكۆكی نێوانیان و پەرەسەندنی لەلایەن هەردوو حكوومەتەوە، بۆ شاردنەوەی تەنگژە ناوخۆییەكانی ئەو دوو وڵاتەیە.
ئەوەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە تەنیا ناكۆكی سنوورییە و دەتوانرێ چارەسەر بكرێت
ئێستە سنوورەكانی هەردوو وڵات ئاڵۆزیی سەربازی بەخۆیەوە دەبینێت و سەرەتا و ئەگەرێكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەورەی سەربازی كە لە ماوەی رابردوودا كار گەیشتە كەوتنەوەی كوژراو و بریندار و هێرشی ئاسمانی ئەسیوپیا بۆ سەر سوودان لە 12ی ئەم مانگەدا، دیارترین هۆكاری ناكۆكی نێوان هەردوو وڵات بوونی كێشەی كۆن و یەكلا نەكراوەی سنوورییە، ئەوەیش دوای ئەوەی سوپای سوودان لە هەردوو ناوچەی "فەشقەی بچووك" و "فەشقەی گەورە"، لەسەر سنووری ئەسیوپیا بڵاو بووەوە، كە ناوچەیەكی سوودانی داگیركراوە لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئەسیوپیا. 

ئێستە دۆخی نێوان هەردوو وڵات هێور بووەتەوە و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نییە، بەڵام هێزە و ئامادەسازی سەربازی هەردوولا لەسەر سنووری نێوانیان هەیە، شرۆڤەكاران پێیان وایە ئەگەری دروستبوونی جەنگ لەهەر ساتێكدا هەیە، چونكە هەریەك لە خەرتووم و ئەدیس ئەبابا دەستیان بە هەڵوێستی توندی خۆیانەوە گرتووە و تۆمەت دەدەنە پاڵ یەكتر بە پێشێلكردنی خاكەكەیان، بەشێك لە چاودێران بۆچوونێكی تریان هەیە بەوەی دۆخەكە زەحمەتە بگاتە جەنگ، چونكە رژێمەكانی هەردوو دەوڵەت دەیانەوێ تەنگژەی نێوانیان بۆ شاردنەوەی تەنگژە ناوخۆییەكانی وڵاتەكانیان بەكار بێنن.

تا ئێستە هێزی سەربازی هەردوو وڵات لەسەر سنووەكانن، بۆیە ئەگەری پەرەسەندنی دۆخەكە بۆ جەنگ بەردەوامە، لای خۆیەوە عەمرۆ شەعبان، شرۆڤەكار و نووسیار لە رۆژنامەی "سوودانی"، دەڵێت، پێدەچێت نیوچە رێككەوتنێكی سیاسی و سەربازی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبێت، بەشێوەیەك هەردوو حكوومەت پاساوی جەنگ بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخی ناوخۆییان بەكاردێنن، روونی كردەوە، ئەبی ئەحمەد، سەرۆك وەزیرانی ئەسیوپیا بەدوای كۆنترۆڵكردن و یەكخستنی بەرەی ناوخۆی وڵاتەكەی و كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان لە هەرێمی تێگرای لەسەر سنوورەكانی سوودان دەگەڕێت، ئەوەیش لە رێگای سیناریۆی بوونی دوژمنی دەرەكییەوە.

لەوكاتەی لە 4ی تشرینی دووەمی 2020 رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی لەنێوان سوپای ئەسیوپیا و هێزەكانی بەرەی میلی ئازادیخوازی تێگرای دروست بوو و تا ئێستەیش بەردەوامە، ئەو شرۆڤەكارە روونی كردەوەوە، لەلایەن خەرتوومەوە هەردوولایەنی فەرمانڕەوا، باڵی سەربازی و باڵی مەدەنی، كە دەسەڵاتی كاتی ئەو وڵاتە دوای نەمانی عومەر بەشیر پێكدێنن، دەیانەوێ خۆیان لە داواكاری گەڕاندنەوەی سوپای بۆ سەربازگەكانی و رێكخستنەوەی بدزنەوە، كە ئەوە داوایەكی هێزە شۆڕشگێڕەكانە، لەوانە حزبی شیوعی سوودانی، كە رابەڕایەتی جەماوەری بەرانبەر بە خراپیی دۆخی بژێوی و ئابووری كرد و وای كرد سوپای سوودان لە 11ی نیسانی 2019، عومەر بەشیر لە سەرۆكایەتی سوودان دووربخەنەوە.

شەعبان پێی وایە دەسەڵاتی كاتی لە سوودان دەیەوێ چاوەكان لەسەر ئەو داواكاریانە لابدات بە هەڵگیرسانی شەڕێكی دەرەكی و سوودبینین لە ناكۆكییەكانی سوودان لەگەڵ ئەسیوپیا بۆ بێدەنگكردنی دەنگە ناڕازییەكان لەدژی ئامادەبوونی سوپا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لەو وڵاتەدا، روونی كردەوە، ئەو هۆكارەی پاڵ بە سوودانەوە دەنێت بۆ هەڵگیرسانی جەنگ بوونی چەند فەرماندەیەكی سەر بە رژێمی بەشیرە لەناو دەسەڵات و سوپا، رەنگە ئەوانە دۆخەكە بەرەو جەنگ پاڵ بنێن، ئەوكاتیش ئەسیوپیا ناچاری جەنگ دەبێت لەگەڵ سوودان. 

هاوكات بەهۆی خراپیی دۆخی ناوخۆیی و ئابووری هەردوو وڵات، بەشێك لە شرۆڤەكاران بەدووری دەزانن دۆخەكە بەرەو هەڵگیرسانی جەنگێكی گەورە هەنگاو بنێت، ئەنوەر سلێمان، شرۆڤەكار دەڵێت، ئاماژەیەك بۆ هەڵگیرسانی جەنگێكی فرەوان لە نێوان هەردوو وڵاتدا نییە، ئەوەی هەیە تەنیا ناكۆكییەكی سنوورییە و دەتوانرێت چارەسەر بكرێت، بەتایبەتی كاتێك رێككەوتنی پێشوو لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.

روونی كردەوە، بەگشتی ئەو ناكۆكییە سنوورییە ئاماژەیەكە بۆ بوونی تەنگژەیەكی قووڵتر، بۆیە دوور نییە چەند لایەنێك لە ناوخۆی ئەسیوپیا و سوودان هەوڵی بۆ شێواندنی دۆخەكە و ئامادەكردنی بۆ جەنگ بدەن، بۆ نموونە حكوومەتی ئەسیوپیا ئەو ئاڵۆزییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دابەشبوونە ناوخۆییەی لەو وڵاتە هەیە و سوودانیش بۆ بەهێزكردنی رۆڵی سوپا لەو وڵاتە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل