سكاڵا لەسەر كارگێڕی مەرزی پەروێزخان تۆمار دەكرێت

:: PM:04:48:21/01/2021 ‌

 پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم زیاتر لە 50 شۆفێری مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان كارەكانیان راگرت و سكاڵایان لەسەر ئیدارەی مەرزەكە و نووسینگەی گواستنەوەی مەرزەكە تۆمار كرد.
گواستنەوە و هێنانی ئۆتۆمبێلی بەڕاد لە مەرزەكە قۆرخ كراوە
كەمال حەسەن، نوێنەرێكی شۆفێرانی بەڕاد لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بۆ "وشە" گوتی، ئەمڕۆ پێنجشەم پێش كۆتاهاتنی دەوامی دادگا لە نزیك سەعات 3ی ئێوارە، لە دادگای قۆڕەتووی نزیك بە مەرزی پەروێزخان، سكاڵامان لەسەر ئیدارەی مەرزەكە و بەشی گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی گەرمیان تۆمار كرد .

زیاتر گوتی، كارەكانمان راگرتووە و چیتر كار ناكەین، تا مافەكانمان لە دادگا وەردەگرینەوە، چونكە جیاكاری دەكرێ و كارەكانی گواستنەوە و هێنانی ئۆتۆمبێلی بەڕاد لە مەرزەكە قۆرخ كراوە بۆ كەسانی تر .

لای خۆیەوە كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر پشكی گۆڕان، بە"وشە"ی راگەیاند، ئۆتۆمبێلی بەڕارد ئەو ئۆتۆمبێلانەن كە داپۆشراون و تایبەتن بە هێنانی شیرەمەنی و بەرهەمی سپیایی، ئەوان دەڵێن كارەكانی ئۆتۆمبێلی بەڕاد لەو مەرزە قۆرخ كراوە و رێگە بە 20 بۆ 25 ئۆتۆمبێل بۆ هێنانی بار دەدرێت.

 روونی كردەوە، كەمێك پێش ئێستە یاوەریانم كرد و لەگەڵیاندا بووم لە دادگا بۆ تۆماركردنی سكاڵا، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نەیشاردەوە كە ماف لای ئەو شۆفێرانەیە و ئێمە پێشتر هەوڵمان دا كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكەین، بەڵام بێ ئاكام بوو .

 بەوهۆیەی دادگای قۆڕەتوو سەر بە شارۆكەی خانەقینە، بۆیە پۆلیسی  گەرمیان لێدوان نادات، نیهاد محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، بۆ "وشە" گوتی، بەشی پۆلیسی خانەقین سەرپەرشتی ئاكامی داواكانی دادگا دەكات و بەپێی خواستی سكاڵاكار و جۆرەكەی، تایبەتمەندی پێ دەدرێ كە لە چ جێگەیەك ئاكامی داواكان یەكلا بكرێتەوە، واتە لە سنووری خانەقین یان گەرمیان كۆتایی بە دۆسییەكان بهێنرێت.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل