سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکۆنەی تەقینەوەکانی دوێنێی بەغدای دهكات و داوایش لە خەڵکی عێراق دەکات کە هەر جۆرە هەوڵێك بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و توندوتیژی بەتووندی ڕەت بکەنەوە کە مەبەست لێیان تێکدانی ئاشتی و ئارامی و یەکڕیزییە.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕاى گهیاند، "سەرکۆنەی ئەو تەقینەوە خۆکوژییانە دوێنێى شارى بهغداى پایتهختى عێراق دەكهین کە بازاڕێکی پڕ مەدەنی شارهكهى کردە ئامانج، ههروهها سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی قوربانییان و حکوومەت و خەڵکی عێراق دەكهین و هیوای هەرچی زوو چاکبوونەوەیشه بۆ بریندارەکان دەخوازین".
مەبەست لێیان تێکدانی ئاشتی و ئارامی و یەکڕیزییە
ڕوونى كردووهتهوه، "داوا لە خەڵکی عێراق دەكهم کە هەر جۆرە هەوڵێك بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و توندوتیژی بەتوندی ڕەت بکەنەوە، کە مەبەست لێیان تێکدانی ئاشتی و ئارامی و یەکڕیزییە."
ئاماژه كراوه، "داوا لە حکوومەتی عێراق دەکهم بەزوویی دەستنیشانی تاوانباران بکات و پەلکێشی دادگایان بکات، ئێمهیش پابەندبوونی خۆمان بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی خەڵک و حکوومەتی عێراق بۆ پتەوکردنی ئاشتی دووپات دهكهینهوه".
بەیانی ڕۆژى پێنجشەم 21ى كانوونى دووهم، دوو تەقینەوەی دوای یەك ناوەڕاستی بەغدایان هەژاند، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق ژمارەی كوژراوان گەیشتە 32 كەس و بریندارانیش 110 كەسن، تەقینەوەكان لە گۆڕەپاتی تەیەران لە باب ئەلشەرقی ڕوویان داوە و ئێستە 36 بریندار لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.