به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی ڕوونى كردووه‌ته‌وه، ئێسته ڕێی هه‌ڕوته و به‌شی سه‌ره‌وه‌ی گۆیژه به‌هۆی دابه‌زینی پله‌كانی گه‌رما بۆ ژێر سفری سه‌دی به‌سته‌ڵه‌كه و داوا لە هاووڵاتییان دەکات له تونێلی پێشڕه‌وه هاتوچۆ بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 22ى كانوونى دووه‌م، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕاى گه‌یاندووه، "ئێسته ڕێی هه‌ڕوته و به‌شی سه‌ره‌وه‌ی گۆیژه به‌هۆی دابه‌زینی پله‌كانی گه‌رما بۆ ژێر سفری سه‌دی به‌سته‌ڵه‌كه، بۆیه داوا له شۆفێران دەکەین، بۆ ئێسته ته‌نیا له تونێلی پێشڕه‌وه هاتوچۆ بكه‌ن، له‌پێناو سه‌لامه‌تیان".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ ئاماژه‌ى كردووه، "هەروەها ڕێنمایی هاووڵاتییان ده‌كه‌ین به‌وه‌ى له‌كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێڵ له‌سه‌ر شه‌قامه به‌فراویه‌كان و به‌ستووه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خێرا نه‌ڕۆن و ئیستۆپی له‌ناكاو نه‌گرن، له‌به‌رئه‌وه‌ی خزانه‌كه زیاد ده‌كات و ئاڕاسته‌ی ئۆتۆمبێڵه‌كه‌یان له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت."
ئه‌مه‌یش له‌كاتێكدایه شه‌پۆلێكى سه‌رما و سۆڵ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى گرتووه‌ته‌وه و له زۆربه‌ى ناوچه‌كان به‌فر باریووه و ڕێگاكان داخراون.