بۆردی وتاری هەینی سەردانی پەرلەمان دەكات

:: AM:08:59:23/01/2021 ‌
بڕیارە ڕۆژی دووشەم بۆردی وتاری هەینی، سەردانی پەرلەمانی كوردستان بكەن و بەدواداچوون و توێژینەوەی دوو مانگیان بۆ لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بخەنەڕوو.

ئەمڕۆ شەموو 23ـی كانوونی دووەم، وەیسی سەعید بڕیاردەری لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە رۆژی دووشەم بۆردی وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف سەردانی پەرلەمانی كوردستان بكەن.

زیاتر گوتی، باس  لە رەوشی وتاری هەیینی دەكرێت لە هەرێمی كوردستان، چونكە وتاری هەینی رۆڵ و كاریگەری خۆی هەیە لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگا، هەروەها گەورەترین كۆبوونەوەی هەفتانەیە لە مزگەوتەكاندا بەڕێوە دەچێت، بەشوێنێكی گرنگ و سەرەكی دادەنرێت لە ئاراستەكردن و دروستكردنی رای گشتیدا.

باسی لەوەش كرد، ئەو بۆردە كاری بۆ ڕێكخستنەوەی وتاری هەینی دەكەن لە پەرلەمان و توێژینەوەیەكی مەیدانی دەخەنەڕوو، ماوەی نزیكەی دوو مانگ دەبێت بەشێوەیەكی مەیدانی لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی كوردستان، بەوردی كاریان لەسەر كردووە بۆ ئەوەی وتاری هەینی تێدا ڕێكبخرێتەوە.

بۆردی وتاری هەینی لە ساڵی 2016 لە وەزارەتی ئەوقاف دەستبەكار بووە، هەفتانە ئەو وتارانە دیاری دەكات كە پێشنوێژ و وتارخوێن لە مزگەوت پێشكەشی دەكەن.



وشە - رامیار جەواد