شاندێكی حكوومەت دەچێتە بەغدا

:: AM:09:31:23/01/2021 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق بكات.

ئەمڕۆ شەموو 23ـی كانوونی دووەم، ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیاكانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شەموو شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانبەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021،  سەردانی بەغدا دەكات.

بڕگەی تایبەت بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان وەك خۆی پەسند دەكرێت
ڕوونی كردووەتەوە، ئەگەر ئەو شاندە بگەنە رێككەوتن، ئەوا بڕگەی تایبەت بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان وەك خۆی پەسند دەكرێت، چونكە لیژنەی دارایی پەرلەمانێكی بچووكە و لەو لیژنەیەش گفتوگۆ بكرێت بۆ تێپەڕاندنی بەبێ‌ دەستكاری پێویستە.
  
ڕۆژی چوارشەم دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەچێتەوە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا.

وەزیری پلاندانان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ بەغدا ئەنجامی داوە، پابەندە بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە سۆمۆ لەگەڵ 50%ی داهاتی نانەوتی.

باسی لەوەش كرد، جگە لە شاندەكەی حكوومەت شاندێكی سیاسیش دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان تا ڕێككەوتن بكرێت.

كۆتاسی ساڵی 2020 شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانیان بۆ بەغدا، ڕێككەوتنیان لەگەڵ بەغدا ڕاگەیاند و چاوەڕوان دەكرێت پێش خوێندنەوەی سێیەم و تێپەڕاندنی بودجەی ساڵی 2021ـی عێراق، گفتوگۆكان لە هۆڵی پەرلەمان ناڕەزایەتی و دژایەتی زۆری تێدا دروست ببێت.



وشە - رامیار جەواد