عێراق بۆ وەرگرتنی شەش ملیار دۆلار دەستی بە دانوستان كرد

:: PM:01:07:25/01/2021 ‌
عێراق دەیەوێ بۆ پڕكردنەوەی بەشێك لە كورتهێنانی بودجە، پشت بە قەرزی نێودەوڵەتی ببەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتی دراو دەستی بە دانوستان كرد.

بەپێی بەیاننامەیەك كە سندووقەكە بڵاوی كردووەتەوە، عێراق داوای فریاكەوتنی خێرای قەرزی درێژخایەن لەو سندووقە كردووە بۆ ئەوەی بتوانێت لە چاكسازی ئابووری ئەنجام بدات.

ئەمڕۆ دووشەم دەست بە دانوستانەكان كراوە و بڕی ئەو یارمەتییە داراییەش بڕیارە عێراق لە سندووقەكە وەری بگرێت، شەش ملیار دۆلارە.

بەگوێرەی ئیرنا، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق پێشتر بە بلوومبێرگی گوتبوو، بە تەمایە شەش ملیار دۆلار لە سندووقی نێودەوڵەتی دراو بە قەرز وەربگرێت، هاوكات چوار ملیار دۆلاری تریش لە رێی پلانێكی تری پێوەندیدار بە چاكسازی دابین بكات.

مانگی رابردوو خۆی بەهای دیناری بەرانبەر دۆلار بە رێژەی 20% دابەزاند


حكوومەتی عێراق تووشی تەنگژەی دارایی بووە و مانگی رابردوو خۆی بەهای دیناری بەرانبەر دۆلار بە رێژەی 20% دابەزاند، تا بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی دابین بكات و بەشێك لە كورتهێنانی بودجە پڕ بكاتەوە.

عێراق لەگەڵ ئەم سیاسەتەی بۆ دابەزاندنی نرخی دینار گرتیەبەر، داوای قەرزێكی زۆری كردووە و ئەمەش لە ناوخۆ بە تایبەتی لای پەرلەمانتاران و زۆر لە ئابووریناسان رەخنەی توندی بەدواوە بووە.

ئەوان پێیان وایە هەر خۆی عێراق قەرزێكی زۆری لەسەر شانە و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لەسەری كەڵەكە بووە، دۆخەكە چیتر ئەوە ناخوازێت قەرزی زیاتر لەسەر خۆی كەڵەكە بكات.


وشە - سلێمان تاشان