لە یاریگه‌کاندا بۆ شەڕ دەکەین، گرفتەکە لە کوێدایە؟

:: PM:02:14:13/02/2021 ‌
زه‌رده‌شت عوسمان

ئێسته‌ شەڕ و ئاژاوە نەبێ ھیچ سیمایەک لە وەرزشی کوردستاندا بەدی ناکرێ، سەیر ئەوەیە کەس بیر ناکاتەوە بۆچی شەڕ دەکات؟ خولی کوردستان خۆی ھەر پەیام و ئامانجی نییە تا شەڕی لەسەر بکرێت، نە لە ڕووی ھونەرییەوە ئەوەندە پێشکەوتووە بتوانێ یاریزانی ئەستێرە دروست بکات ، نە بووەتە بازرگانی و سەرچاوەی داھات، ھۆکار نییە بۆ دەستکەوتی ماددی، نە دوایی ئەم ئەنجامانەی ئێسته‌ وێستگەیەکی باشتر و بەھێزتر ھەیە، پێی بگەی.

 بۆ نموونە بڕۆیتە پلەیەکی بەرزتر و بەشداریی پاڵەوانیەتیەک بکەی، ئەوەی کە وەرزش پەیامی ئاشتی و برایەتییە، کەس بیریشی لێناکاتەوە، ئەو په‌یامە وەک کردار خراوەتە ژێر پێڵاوەکان.

 خولەکانی کوردستان بوونەتە شوێنی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤەکان، ئەم وەرزشە خواروخێچەی کە دەکرێت، دەبێ چاوەڕێی ئەم گرفتانەش بکات ، لەم ماوەیه‌دا چوار شەڕی گەورە لە شاره‌ جیاوازەکان ڕوویان داوە،  راستییەکە ئەوەیە، ھیچ یانە و شارێک بەدەرنییە لەم نەخۆشییە، ئەو یانەیه‌ی شەڕی نەکردووە، چاوەڕێی دەکرێت بیکات، ئەوەشی کردوویەتی، ھیچ گره‌نتییەک نییه‌ دیسان لەبەر ھەڵەیەکی بچووک، دووبارەی نەکاتەوە.

ھەڵەکە لە کوێیە ؟ بە بڕوای من گرفتەکە لە بونیات و پەروەردەی ئێمەیە، تێگەشتنی ھەڵە بۆ وەرزش و نەبوونی رۆشنبیریی تایبەتمەند لە کەسەکان، کە ئایا تۆ چۆن ھەڵسوکەوت دەکەی لەگەڵ کارەکەت.

 ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، یەکێک لە شەڕەکان لەسەر ئاستی تیپی تازەپێگەیشتووان بووە، کەواتە ئەوانەی لە داھاتوودا دەبنە نوێنەری یانەکان لەسەر ئاستی پێشکەوتووان، پەروەردە نەکراون.

ھۆکاری ئەم شەڕو ئاژاوە و یەکتر قبوڵنەکردنە، ھی ئێسته‌ نییە، مێژووەکەی لەوه‌ کۆنترە بیری لێ دەکرێتەوە، ئەوەی کە یەکەم کەس ئەنجام و ھەڵە قبوڵ ناکات راھێنەر و یاریدەدەر و سەرپەرشتیارەکانن، دێنە سەر شاشە دەڵێن ناوبژیوانەکان دژی ئێمەن و رقیان لێمانە، ئیتر ئەم وێنە لە مێشک و بیرکردنەوەی ھەمووان جێگیر دەبێ، کاردانەوەی ئەوان ھۆکاری کاردانەوەی یاریزانەکانن، کاردانەوەی توندی یاریزانەکان پاڵنەرن بۆ دروستکردنی کاردانەوەی توندتر و سەختی ھاندەران.

دیقەت بدەن لە یارییەکاندا لەسەر فاوڵێک یان ھەڵدانێکی لا، جار ھەیە چەند یاریزان بە توندی بەرەوڕووی ناوبژیوان دەڕۆن، شڵەژان و شێواوی لە یاریگه‌ دروست دەبێت، کە ئەمە بەردەوام دەبێ، سەرئەنجام توندوتیژیی لێ دێتە بەرھەم . 

کەواتە ھاندەرەکان ھۆکاری گرفتەکان نین، ئەوان دوایین کەسیشن دێنه‌ نێو کێشەکانه‌وه‌، ئەو یاریزانانەی کە ئێسته‌ دۆڕان و ھەڵە قبوڵ ناکەن، لە داھاتوودا ھەر ئەمانە دەبنە راھێنەر و یاریدەدەری راھێنەر و سەرپەرشتیار، بیرکردنەوەکە ناگۆڕێ، تەنیا زەمەنەکە گۆڕاوە، کەواتە دۆخەکە ھەر بەردەوامە.

 گومانم نییە ئەمە بنبڕ ناکرێ، بەڵام دەکرێ کەمتر بکرێتەوە، چۆن ؟ دەبێ یانەکان بە رژدی کۆنترۆڵی تیپەکانیان بکەن، کاپتنی تیپ دەبێ ھێزی کەسایەتی و رۆشنبیریی ھەبێت و توانای گفتوگۆی ھەبێ، زمانی قسەکردنی لە یاریزانەکان جیاواز بێ، چونکە قسە و جووڵەی کاپتن، لە زۆر رووه‌وه‌ کاریگەریی لەسەر یاریزان ھەیە و دەتوانێ کۆنترۆڵی یاریزانەکان بکات، تەنیا ئەو بە شێوەیەکی سەردەمی رووبەڕووی ناوبژیوان ببێتەوە.

 لەم زەمەنه‌دا کاپتن راھێنەرێکی ترە لە نێو یاریگه‌ دا و ھێندە گرنگە، دەبێ بەرپرسانی وەرزش سزای سڕكردنی ماوەدرێژ دابنێن بۆ ئەوانەی لە نێو دامەزراوەی یانەکانن و ھۆکاری شەڕ و گرفتەکانن، یان بە جۆرێک بەشدار دەبن، چونکە سزای دارایی کاریگەریی نەماوە.

لە کۆتاییدا دەڵێم، ئەوەی ھەیە، ئێسته‌ ھەمووان چاکەته‌ تۆزاوییەکانیان بە عەللاگەی ناوبژیواناندا ھەڵدەواسن.






وشە - تایبه‌ت