داوا لە كاسبكاران دەكرێ بە هیچ شێوەیەك تمەن نەكڕن

:: PM:03:50:13/02/2021 ‌
بەهای تمەنی ئێرانی دیسان رووی لە دابەزین كردووە، بۆیەش كڕینی دراوێك كە ئومێدی ئەوەی لێ ناكرێت نرخەكەی بەرز ببێتەوە، جگە لە زیان بۆ كڕیارەكە هیچ سوودێكی نییە. پێشتر ژمارەیەكی زۆری كاسبكاری كوردستان بە تایبەتی لە سلێمانی لە كڕینی تمەن زیانیان بەركەوت، بۆیەش لە دووبارەبوونەوەی ئەم رووداوە هۆشداری دەدرێت.

مانگی رابردوو نرخی دۆلار بەرانبەر تمەنی ئێرانی بۆ رێژەیەكی بەرچاو دابەزیبوو، هەر دۆلارێك بۆ خوارووی 22 هەزار تمەن دابەزی، بەڵام دیسان دۆخەكە پێچەوانە بووەتەوە.
بەرزبوونەوەی بەهای تمەنی ئێرانی رێك لەو كاتەدا بوو كە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ئەمەریكا رووی دا

بەرزبوونەوەی بەهای تمەنی ئێرانی رێك لەو كاتەدا بوو كە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ئەمەریكا رووی دا، هەریەك لە دیموكراتەكانی ئەمەریكا و حكوومەتی ئێران نەرمتر لە جاران لێدوانیان دەدا، ئومێدی ئەوە هەبوو لەگەڵ دەستبەكاربوونی بایدن، ئەمەریكا و ئێران رێككەوتن بكەن و بە گەڕانەوەی هەردوولا بۆ رێككەوتنی ناوكیی دۆخی ئابووری ئێرانیش روو لە ئاساییبوونەوە بكات.

ئەم دۆخە تایبەتییە نزیكەی هەفتەیەكی خایاند و رووداوەكانی دواتر  بەتایبەتی هەنگاوەكانی ئێران بۆ پەرەپێدانی زیاتری بەرنامەی ناوكیی وایكرد دیسان دراوی ئێران روو لە دابەزین بكات.

ئێستە دۆلارێك بە 25 هەزار تمەنە


لە ماوەی چوار هەفتەی رابردوودا بەهای تمەن جار بەجار زیاتر دابەزیوە و هەر ئێستە دۆلارێك بە 25 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرێت.

لە هەرێمی كوردستان سەردەمێك خەڵك مامەڵەیان بەو دراوە دەكرد و كاتێك نرخەكەی زیاتر شكا، زۆربەیان زیانیان بەركەوت. خاوەن نووسینگەیەكی دراوی لە هەولێر دەڵێ، تمەن هی ئەوە نییە بیكڕیت و بە هیوای قازانج بیفرۆشیتەوە، چونكە خۆی دراوەكە هیچ پاڵپشتییەكی نییە و متمانەی پێ ناكرێت. 

شاهۆ محەمەد خاوەنی كۆمپانیای كۆی نرخ بۆ ئاڵوگۆڕی دراو بۆ "وشە" باسی لەوە كرد خۆیان  بە هیچ شێوەیەك مامەڵە بەو دراوە ناكەن و زۆربەی ئەو كەسانەش مامەڵەیان بە تمەنی ئێرانی دەكرد زیانیان بەركەوت.

لەوانەیە لەپڕ زیانێكی زۆریان پێ بگات.


ئەو داوای لە كاسبكارانی كوردستان كرد، بە هیچ شێوەیەك دراوێك نەكڕن كە ئاسۆی نرخەكەی روون نییە و لەوانەیە لەپڕ زیانێكی زۆریان پێ بگات.

هاوكات دڵدار محەمەد ئەمین كە لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر ئاڵوگۆڕیی دراو دەكات، بۆ "وشە" گوتی راستە لە سلێمانی مامەڵەكردن بە تمەن زیاترە و خەڵكێكی زیاتر تمەن دەكڕن تا قازانج بكەن، بەڵام لە هەولێریش خەڵكێكی زۆر لە كڕینی تمەن زیانی كردووە و ئەوانەی لەو دراوە خێریان كردووە ژمارەیان زۆر كەمە.

بە گوتەی ئەو كاسبكارە كاتێك دۆلار گەیشتە نزیكەی 32 هەزار تمەن، زۆربەی ئەوانەی تمەنیان كڕیبوو قازانجیان كرد، بەڵام ئێستە كە تمەن خۆی لە دابەزیندایە هەر كەسێك پارەكە بكڕێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە زیان دەكات و واباشە خۆیان لە كڕینی ئەو جۆرە دراوە بپارێزن.

هێشتا كەم نین ئەو كاسبكارانەی حەز بە كڕینی تمەن دەكەن


وەك زیاتر خستیەڕوو، هەر ئەمڕۆ لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر تمەن بە 25 هەزار تمەنە، بەڵام بە حەواڵە بە 25 هەزار و 600 دینارە و هێشتا كەم نین ئەو كاسبكارانەی حەز بە كڕینی تمەن دەكەن و پێیان وایە، نرخەكەی دووبارە بەرز دەبێتەوە و ئەگەر بیكڕن، ئەوا قازانج دەكەن.

تمەنی ئێرانی مەترسی ئەوەی لەسەر هەیە زۆر لەمە زیاتر بشكێت، چونكە كاتێك نرخی ئەو دراوە بەرز دەبێتەوە كە ئومێدێك بۆ لاچوونی سزا ئابوورییەكانی سەر ئێران  هەبێت، لە دوو رۆژی رابردوودا جگە لە ئەمەریكا وڵاتانی ئەوروپاش بەرانبەر ئێران هەڵویستیان هەبووە، بەتایبەتی كاتێك ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكیی ئەوەی ئاشكرا كرد، ئێران بە نهێنیی یۆرانیۆمی كانزایی بەرهەم هێناوە.

بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستەكانی ئێران و رۆژئاوا بەرانبەر یەكتر، لەوانەیە دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز ببێت و لەو كاتەشدا تمەن زیاتر دەشكێت و هیچ كەسێك لە كڕینی پارەكە قازانج ناكات.

ئێران كە بە ئاسانی دەستی بە داهاتی لە بانكەكان ناگات، ناتوانێ پێداویستی دراوی بیانی دابین بكات


دراوی فەرمی هەموو وڵاتێك پێویستی بە پاڵپشتی دارایی هەیە و ئێران كە بە ئاسانی دەستی بە داهاتی لە بانكەكان ناگات، ناتوانێ پێداویستی دراوی بیانی وەك دۆلار دابین بكات و كەمیی دۆلار و زۆری تمەن لە بازاڕەكان، وا دەكات بەهای ئەو دراوە رۆژ بە رۆژ زیاتر دابەزێت.

شكانی دراوی تمەن لە ساڵی 2018 دوای ئەوە دەستی پێ كرد كە ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكی هاتە دەرەوە و قورسترین سزای ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند. ئەوكات نرخی هەر دۆلارێك خوارووی سێ هەزار تمەن بوو، بەڵام مانگ بە مانگ زیاتر شكا و لە مانگەكانی كۆتایی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ تا 32 هەزار تمەن گۆڕانكاری بەسەردا هات.



وشە - سلێمان تاشان