لە سلێمانی پیاوێك دوو ژنی ڕفاند و گیرا

:: AM:10:14:14/02/2021 ‌
پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، كەسێكیان گرتووە کە دوو ژنی بە زەبری چەک ڕفاندووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی شوبات، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، تۆمەتبارێك بەزەبری چەك دوو ژنی رفاندبوو، لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕینەوە لە گەڕەكی قولەڕەیسی شاری سلێمانی گیرا.

باس لەوەش كراوە، ڕووداوەكە لەو كاتە دێ‌ دوای ئەوەی دایكێك سكاڵای تۆمار كرد لە بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین كە كەسێك هاتووەتە سەر ماڵەكەی،  بەزەبری چەك دوو كچەكەی رفاندووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین لێكۆڵینەوەكانی دەست پێ كرد و دوای گەڕان و پشكنین، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و بگیرێت. 

ڕوون كراوەتەوە، ئێستە تۆمەتبار (پ. ع. ا) بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە، لەكاتی گرتنی دەست بەسەر چەكێكی جۆری كڵانشیكۆف و ئۆتۆمبێلەكەیدا گیراوە.

ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە 10 ڕۆژ پێش ئێستە كەسێكی تریش گیرا كە هەڵسابوو بە ڕفاندنی كچێك لە شاری سلێمانی.


وشە - رامیار جەواد