هاوشێوه‌ی به‌ڵێنه‌كانی له دوای هێرشه‌كه‌ی 30ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2020، حكوومه‌تی به‌غدا جارێكی تر له‌به‌رانبه‌ر هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی ئه‌و مانگه بۆ سه‌ر هه‌ولێر، چه‌ندان به‌ڵێنی به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوه، بۆ نه‌هێشتنی میلیشیاكان له سنووری هه‌رێمی كوردستان و جێگیركردنی سوپا و هێزه فه‌رمییه‌كان و به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی له نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق.
ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید" ڕاپۆرتێكی له‌وباره‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، له‌سه‌ر بۆردمانكردنی هه‌ولێر له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و پارێزگه‌ی نه‌ینه‌وا، جارێكی تر حكوومه‌تی عێراق به‌ڵێنی ڕژدی به هه‌رێمی كوردستان داوه، كه میلیشیاكان له ناوچه‌كه دوور ده‌خاته‌وه و هه‌ماهه‌نگی ورد و چڕ له نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپا دروست ده‌كرێت.
ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌غدا دوای ئه‌وه دێ كه له ناوه‌ڕاستی ئه‌و مانگه میلیشیاكان چه‌ندان مووشه‌كیان ئاراسته‌ی هه‌ولێر كرد، كه جیا له زیانگه‌یاندن به هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، مووشه‌ك له نێو گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێریش كه‌وتنه خواره‌وه و نۆ بریندار و كوژراوێكیشی لێ كه‌وته‌وه.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، له ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌ی ئه‌و دواییه، جارێكی تر به‌غدا كه‌وتووه‌ته ژێر هه‌ڵوێست و هه‌رێمی كوردستانیش فشار ده‌كات، كه پرسی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان یه‌كلایی بكرێنه‌وه و چیتر قبووڵ ناكرێ كه له ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی عێراقه‌وه مووشه‌ك ئاراسته‌ی هه‌ولێر بكرێن و تیمی مووشه‌كهاوێژ دزه‌یان پێ بكرێ بۆ ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
به‌رپرسێكی باڵای حكوومه‌تی عێراق به ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه كه به‌رپرسانی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كان له به‌غدا و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له گفتوگۆدان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێوشوێنی پێویست و توندوتۆڵ بگرنه‌به‌ر، تا ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی چڕتر ڕێك بخرێن و هێزی زۆرتریان لێ بڵاوه پێ بكرێ و هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی میلیشیاكان بدرێ و سوپا له ته‌واوی ناوچه‌كان بڵاوه‌ی پێ بكرێت.
كازمی به‌ڵێنی زۆری داوه و هه‌ماهه‌نگی له نێوان پێشمه‌رگه و سوپا ده‌ستی پێكردووه
زیاتر گوتی، یه‌كێكی تر له ئامانجی گفتوگۆكان بریتییه له دروستكردنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا له نێوان هه‌ردوولا، دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام له ناوچه‌كانی سنووری پارێزگه‌ی هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی تری سنووری مووسڵ و هه‌ولێر كه له ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی عێراقدان، كه پێشتر بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته درا بوو و تا ئێسته به‌هۆی بوونی میلیشیاكان و نه‌كشانه‌وه‌یان له ناوچه‌كان نه‌خراوه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌ڵێنی زۆری به هه‌رێمی كوردستانداوه، كه ته‌واوی ناوچه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی تری ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی عێراق كۆنتڕۆڵ بكات و دۆخی ته‌ناهیان جێگیر و توندوتۆڵ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر ڕووداوی هاوشێوه دووباره نه‌بێته‌وه و هیچ كه‌لێنێك بۆ ئه‌و گرووپانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعی و یاسا نه‌مێنێته‌وه كه ببن به كێشه بۆ ئاسایش و ئارامی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
پێشتر فه‌ریق جه‌مال ئیمینكی سوپاسالاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دووپاتی كرده‌وه، نه‌هێشتنی دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه، به دروستكردنی ناوچه‌ی ته‌ناهی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوولا و هه‌ماهه‌نگی ورد له نێوان سوپا و هێزی پێشمه‌رگه ده‌گه‌ڕێته‌وه، تا بوار به میلیشیاكان و گرووپه تێكده‌ره‌كان نه‌درێت، كه سوود له بۆشایی ته‌ناهی نێوان هه‌ردوولا وه‌ربگرن و دزه بكه‌نه ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه، یان له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان مووشه‌ك ئاراسته‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری له نێوان پێشمه‌رگه و سوپا زۆر پێویسته، بۆ ڕێگری له‌و ڕووداوانه و به‌رگرتن له جموجۆڵی پاشماوه‌كانی داعش له ناوچه‌كه، چونكه ئه‌و بۆشایییه ته‌ناهییه‌ی بوونی هه‌یه، به به‌رده‌وامی ده‌كرێ له‌لایه‌ن گرووپه تێكده‌ره‌كان و پاشماوه‌ی تیرۆریستان سوودی لێ وه‌ربگیرێت و دۆخی ناوچه‌كه به‌ره‌و ئاڵۆزی ببرێته‌وه.
به‌ڵێنه‌كان جێی متمانه نین و میلیشیاكان ناچنه ژێر فه‌رمانی حكوومه‌ته‌وه
له به‌رانبه‌ردا ماجد شنگالی په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان به ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه، كه ناكرێ متمانه به به‌ڵێنه‌كان بكرێ، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه حكوومه‌ت له پشتی ئه‌و كارانه‌وه‌یه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه توانای كۆنتڕۆڵكردنی میلیشیاكانی نییه و میلیشیاكان ئاماده نین فه‌رمان و بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی فیدرالی عێراق جێبه‌جێ بكه‌ن و زۆرجار دژی ده‌وه‌ستنه‌وه.
زیاتر گوتی، هه‌رچه‌نده نزیكبوونه‌وه و دیدار و كۆبوونه‌وه و سه‌ردان له نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق بوونی هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری دۆخی ناوچه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام میلیشیاكان هه‌موو جۆره هه‌ماهه‌نگی و نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه، دژی ده‌وه‌ستنه‌وه و هه‌وڵی شكستهێنانی ده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له شنگالیش بوونی هه‌یه، به ته‌واوی بۆ هه‌ردوولا ڕوونه كه بڕیار و ڕێككه‌وتنه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه كۆسپی بۆ دروست ده‌كرێ و حكوومه‌تیش ناتوانێ بڕیاره‌كانی به زۆر بسه‌پێنێت و میلیشیاكان بخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه.