دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر دەكرێت

:: PM:01:28:02/03/2021 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان قۆناغی یەكەمی جێبەجێكردنی پڕۆژەی راكێشانی هێڵی شەمەندەفەری راگەیاند، سێ كۆمپانیای ئەوروپی هەڵسەنگاندن بۆ بەهای ئابووریی پڕۆژەكە و وردەكاری دیزاینەكەی دەكەن و هەر لەم کابینەیەدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە پرێس كۆنفرانسێكدا كە پەیامنێری "وشە"ش ئامادە بوو، رای گەیاند جێبەجێكردنی پڕۆژەی راكێشانی هێڵی شەمەندەفەر، زۆر گرنگە و هەرێمی كوردستان دەخاتە قۆناغێكی نوێوە لە بواری گواستنەوەی بازرگانی و گواستنەوەی هاووڵاتییان لە نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەو روونی كردەوە، سێ كۆمپانیای ئەوروپی دەست بە هەڵسەنگاندنی بەهای ئابووری پڕۆژەكە دەكەن، ئەمڕۆ واژوو لەسەر بانگهێشتنامەی سێ كۆمپانیای گرنگی دنیا دەكەن كە لەم بوارەدا پێشەنگن، هیوای خواست ئەو ماوەیەی بۆیان دیاری كردوون، سەرجەم دیزاین و لایەنە ئەندازیارییەكە تەواو بكەن و رادەستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی بكەن.

وەزیری ئاوەدانكردنەوە سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە بەردەوام پشتیوانی ئەو پڕۆژەیە بووە و ئاماژەشی دا، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات بۆ قۆناغێكی تری پێشكەوتن هەنگاو بنێت و چ لە بواری گواستنەوە، چ  لە بواری زیادكردنی داهات و باشتركردنی ئابووری هەرێمی كورستان.

وەك خستیەڕوو، پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ تەواو دەكرێت كە بە گشتی شەش ئاست لە خۆ دەگرێت، ئەو پرۆسەیەی ئەمڕۆ دەستیان پێ كردووە، دەبوایە ساڵی 2020 بكرایە، بەڵام هاتنی كۆرۆنا كاریگەری نەرێنی لەسەر كارەكانیان هەبوو، هەرچەندە چەند مانگێك دواكەوتوون، بەڵام دواجار توانیان دەست بە پرۆسەكە بكەن.

پێشبینی دەكەن تێچووەكەی سەرووی ملیارێك دۆلار ببێت.


لەبارەی كاتی تەواوكردنی پڕۆژەكە وەزیری گواستنەوە گوتی، هێشتا بە وردی نازانن كەی تەواو دەكرێت، چونكە هەر قۆناغێك پێویستی بە رێوشوێنی دیاریكراو هەیە و جگەلەمە تا ئەو كۆمپانیایانە هەڵسەنگاندن نەكەن، نازانن چەندی تێدەچێت و پێشبینی دەكەن تێچووەكەی سەرووی ملیارێك دۆلار ببێت.

ماستەرپلانی هێڵی ئاسنین لە كوردستان لە ساڵی 2012ەوە كراوە، ئەوەی ئێستە دوو كۆمپانیای ئیسپانی و یەكی ئەڵمانی دەیكەن، هەڵسەنگاندنی بەهای ئابووری پڕۆژەكەیە و دوای ئەمە دەستبەكار دەبن.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئەوەشی خستەڕوو، لەم كابینەیەدا دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت و بەگوێرەی دیزاینەكەش درێژیی هیڵەكە 915 كیلۆمەترە.



وشە - سلێمان تاشان