راهێنه‌ری یانه‌ی سێڤییا رای گه‌یاند، تیپه‌كه‌ی بێ هیوا و خه‌مبارن، دوای شكستیان به‌رامبه‌ر بارسێلۆنا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا ناوبژیوان سته‌می لێ كردوون.
شه‌وی رابردوو بارسێلۆنا له یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیا، ریمۆنتادای به‌سه‌ر سێڤییا كرد و به 3-0 گۆڵی لێی برده‌وه، به‌مه‌ش گه‌یشته یاریی كۆتایی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدا بوو، یاریی چوونی به 0-2 گۆڵ دۆڕاندبوو.
جولین لۆپیتیگێی راهێنه‌ری یانه‌ی سێڤییا له باره‌ی ئه‌و لێدانه سزایه قسه‌ی كرد، كه بۆ تیپه‌كه‌ی هه‌ژمار كرا و له ده‌ستیان دا.
راهێنه‌ره‌كه ره‌خنه‌ی له ناوبژیوانی یارییه‌كه گرت و گوتی: "ئه‌وه‌ی رووی دا هه‌مووتان بینیتان، ده‌توانن وه‌ك من بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن، ئێمه راهێنه‌رین و ئه‌گه‌ر به ئاشكرا ره‌خنه له ناوبژیوان بگرین، سزا ده‌درێین، به‌ڵام دیاره كه حاڵه‌ته‌كه پێش ئه‌وه‌ی لێدانی سزا بێت، هه‌لی گۆڵكردن بوو، شایه‌نی كارتی زه‌ردیش بوو".
هه‌روه‌ها گوتی: "له بارێكی تردا لینگلێ تۆپ به‌ر ده‌ستی كه‌وت، به‌ڵام ناوبژیوان نه‌یبینی".
لۆپیتیگێ پێی وایه "ناكرێ ره‌خنه‌ی زۆر له یاریزانه‌كان بگیرێت، كه توانایه‌كی زۆریان له یارییه‌كه و له كاتی زیادكراودا خه‌رج كرد.