له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی دێربیی له مه‌درید، ئه‌مڕۆ له شاری مانچێسته‌ریش یاریی دێربیی ده‌كرێت و تێیدا سوورپۆش و شینپۆشه‌كان رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه.
یارییه‌كه ئه‌مڕۆ ئێواره له یاریگه‌ی مانچێسته‌ر سیتی "ئیتیحاد" له گه‌ڕی 27ی پرێمه‌رلیگ ئه‌نجام ده‌درێت و سه‌عات 19:30 ده‌ست پێ ده‌كات.
به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كه له كاتێكدایه، مانچێسته‌ر سیتی به سه‌ركردایه‌تی گواردیۆلای راهێنه‌ر، به ژماره‌یه‌كی زۆری خاڵ له پێش ركابه‌ره‌كانییه‌تی له پێشه‌نگی خولی ئینگلیزی، كه 65 خاڵه.
مانچێسته‌ر یونایتد، كه ئه‌م وه‌رزه بۆ ماوه‌یه‌ك له پله‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه بوو، ئێسته له پله‌ی سێیه‌مه به 51 خاڵ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م جیاوازییه له به‌هێزیی یارییه‌كه كه‌م ناكاته‌وه، به تایبه‌تی كه مان یونایتد به سه‌ركردایه‌تی سۆڵشایه‌ری راهێنه‌ر، له 4 یاریی رابردووی به‌رامبه‌ر سیتی، له خول و جامی ئینگلته‌رادا، 3 جار له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا بردنه‌وه‌ی به‌سه‌ر سیتییدا تۆمار كردووه.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجیشه، له 10 یاریی رابردووی نێوانیاندا، 7 یاری له به‌رژه‌وه‌ندیی تیپی میوان كۆتایی هاتووه.
هه‌ردوو یانه پێشتر له 151 دێربییدا به‌یه‌ك گه‌یشتوون، مان یونایتد له 58 یارییدا بردنه‌وه‌ی تۆمار كردووه، له به‌رامبه‌ردا 45 بردنه‌وه بۆ سیتیی بووه، هه‌روه‌ها 48 یاری به یه‌كسانبوون ته‌واو بووه.
مان سیتی
تیپه‌كه‌ی گواردیۆلا ئێسته له باشترین بارودۆخدایه و 21 یاریی له‌سه‌ریه‌كه بردنه‌وه تۆمار ده‌كات، تێیدا 55 گۆڵیان كردووه و ته‌نیا 8 گۆڵیان لێ كراوه.
بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆش سیتی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاماده‌یه و پێشبینیی ده‌كرێت پێكهاته‌كه‌شی به‌م شێوه‌یه بێت:
گۆڵپارێز: ئیدریسۆن
به‌رگری: كانسێلۆ، دیاز، ستۆنز و كایڵ وۆكه‌ر
ناوه‌ڕاست: گۆندۆگان، دی برۆین و رۆدریگۆ
هێرشبردن: فۆدین، ستێرلینگ و سێلڤا.
مان یونایتد
تیپه‌كه‌ی سۆڵشایه‌ر، تاكه تیپه له كۆی پێنج خوله به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌وروپا، كه ئه‌م وه‌رزه هیچ یارییه‌كی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا نه‌دۆڕاندووه.
یونایتد له دوا 21 یاریدا له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی نه‌دۆڕاوه، 13 بردنه‌وه و 8 به‌رامبه‌ربوونی هه‌بووه، 6 یارییش له ژماره‌ی پێوانه‌یی دووره، كه پێشتر ئارسیناڵ له ساڵانی 2003 و 2004 ژماره‌ی پێوانه‌یی له نه‌دۆڕان تۆمار كردووه.
هاوكات تیپه‌كه له ئاستێكی به‌رزدایه و بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆش نزیكه‌ی سه‌رجه‌م یاریزانه سه‌ره‌كییه‌كانی ئاماده‌ن، كه پێشبینیی ده‌كرێت پێكهاته‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه بێت:
گۆڵپارێز: هێندرسۆن
به‌رگری: وان بیساكا، ماگوایه‌ر، لیدنیلۆڤ و لوك شا‌و
ناوه‌ڕاست: ماكتۆمینای، فرێد و فێرناندیز
هێرشبردن: جه‌یمس، مارسیال و راشفۆرد.
یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ له پرێمه‌رلیگ..
وێست برۆمیچ – نیوكاسڵ 16:00
لیڤه‌رپوول – فولهام 17:00
مان سیتی – مان یونایتد 19:30
تۆتێنهام – كریستاڵ پاڵاس 22:15.