وەڵامی فراکسیۆنی یەکێتی دەدرێتەوە

:: AM:10:30:19/03/2021 ‌
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی وەڵامی ڕاگەیەنراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی دەداتەوە و ڕای دەگەیەنێت، کەی حزبەکەتان دزی لە سنوورەکەی خۆی کۆتایی پێهێنا ئەوا ئەتوانن ڕەخنە بگرن.

ئەمڕۆ هەینی 19ی ئادار، ڕێبوار بابکەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دیارە هەرکاتێک هەڵبژاردن نزیک ببێتەوە، فراکسیۆنی یەکێتی هەر زوو بەر لە فراکسیۆنی تر تاو و گەشکە دەیگرێت و قسەی بێ بنەما و دوور لە لۆژیک دەکات.

زیاتر گوتی، لە سەیروسەمەرەکانی ئەو فراکسیۆنە و کادرانی ئەم حزبە، بە گوفتار ئۆپۆزسیۆن بی و بە کردار دەسەڵاتدار؟. بە قەولی خۆشیان  "کردار شەرتە".

باسی لەوەکرد، فراکسیۆنی یەکێتی ئەگەر لە خەمی لێبڕینی مووچەی خەڵک دایە، با بۆ یەکجاریش بێت بوێر بێت و دەنگ هەڵبڕێت و بڵێت حزبەکەم داهاتی زۆر و زەوەند و سەدان ملیۆن دۆلاری سلێمانی و دەورووبەری کە حەپەلۆش دەکەن، بۆچی نایبەنەوە خەزینەی حکوومەت تا بۆ مووچەی مانگی ئادار، حکوومەت بتوانێت بە بێی لێبڕین دابەشی کات.

"فراکسیۆنی سەوز، باش دەزانێت حزبەکەی ڕۆژانە هاتوو هاواریەتی بۆ وەرگرتنی پۆست و پلەی گەورە لە حکوومەت، تەنانەت سڵ ناکاتەوە لە وەرگرتنی پۆستی مام ناوەند و بچووک، کە بۆتە مایەی قوڕسکردنی باری دارایی حکوومەت، هەروەها فراکسیۆنی یەکێتی دەبێت سنووری موزایدەی خۆی بزانێت،  زیادەڕەوی کردن لە موزایدە دەبێتە مایەی گاڵتە جاری لای خەڵك، چونکە هەموو کەس دەزانێت یەکێتی تەنیا پارە و پۆستی لە حکوومەت سەندووە، بێجگە لەو بودجەیەی کە حکوومەتی هەرێم بۆ ئەو زۆنە بە بەردەوام ڕەوانە دەکات، پارەو داهاتی سلێمانیش هەر بۆ خۆیان بووە"، ڕێبوار بابکەیی وای گوت.

لە لێدوانەکەی ڕوونی کردوە، فراکسیۆنی یەکێتی، خۆ ئەگەر هەر بڕیارە موزایدەش بکەن، ئەوا وا باشترە کە ڕووی دەمتان ئاراستەی تیمی و زاریتان لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەو سوپایەتان بکەن کە لە وەکیل وەزیر و سەرۆک دەستە و بەڕێوبەری گشتی و ڕاوێژکار و شارەزا و بەڕێوبەر لە دەرەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەتانە کەی ئەو سوپایەتان لە حکوومەت کشاندەوە، ئەو کات ڕووتان هەبێت موزایەدە بەسەر حکوومەتەوە بکەن. 

ئاشکرای کرد، کەی دزی و قاچاغچییەتی سنووری ژێر دەسەڵاتان نەهێشت پارەی خەڵکیتان لە گیرفانی بەرپرسەکانتان سەندەوە، ئەو کات بە حکوومەت بڵێن کوا مووچەی خەڵک؟.


وشە - محەمەد میران