یەکێتی کۆدەنگی فراکسیۆنە کوردییەکانی لە بەغدا تێکدا

:: PM:06:25:19/03/2021 ‌
بەشداریکردنی یەکێتی لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی عێراق و دەنگدانی بە هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی، بە دەرچوون لە کۆ دەنگی فراکسیۆنە کوردییەکان لێکدرایەوە.

ئەمڕۆ هەینی 19ی ئادار، ناسڕ هەرکی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یاسای دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەبوو، بۆیە ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی بەشداری کۆبوونەوەکەمان نەکرد و فراکسیۆنی هیوایش نەچوونە ژوورەوە.

زیاتر گوتی، فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری دانیشتنەکەی کرد و لەگەڵ لایەنە شیعەکان دەنگی بە هەمواری یاساکەدا، بۆیە ئەوان لە کۆدەنگی فراکسیۆنە کورییەکان دەرچوون.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەوانەی دەنگیان بەو یاسایە داوە، قەوارەی دەستووری هەرێمیان بۆ گرنگ نەبووە، بەڵام فراکسیۆنى پارتى هەمیشە داکۆکیکاری مافە دەستوورییەکانی هەرێمە.

شەوی 18ی ئادار/مارسی 2021 لەکاتی دەنگدان بۆ یاسای دادگای فیدراڵی، یەکێتی دیسان یەکڕیزی کوردی تێکدا لە ڕێی فراکسیۆنەکەی لە بەغدا و دەنگی بە یاساکە دا، لە کاتێکدا فراکسیۆنی پارتی و هیوا بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و ئەوانیش نەبوونایە دادگای ئاینی پەسەند دەکرا، بەڵام بە ناچاری هەمواری یاسەکە پەسەند کرا چونکە بەو بایکۆتە ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتار لە ژوورەوە نەبوون.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


وشە - محەمەد میران