له وڵاتێك كه ژماره‌یه‌كی زۆری كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی گه‌نجن و تازه پێ ده‌گه‌ن، به‌ڵام هیچ كارێكیان ده‌ست ناكه‌وێ و له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه پشتیوانیان ناكرێ، له‌وكاته گه‌نجان ده‌بنه نێچیرێكی چه‌وری بانده‌كانی مافیای ماده‌ی هۆشبه‌ر و به خێرایی ئاڵووده‌ی هۆشبه‌ره‌كان ده‌بن، ئه‌مه‌یش ئه‌م چاره‌نووسه‌یه كه به‌رۆكی گه‌نجانی عێراقی گرتووه و ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕێژه‌ی هۆشبه‌ر له‌و وڵاته و به‌كارهێنه‌ران و ئاڵووده‌بووانی زۆرتر و زیاتر ده‌بێت.
ڕۆژنامه‌ی "ئیندپێندت" ڕاپۆرتێكی نێردراوی خۆی "بێل ترۆ" بۆ عێراق بڵاو كردووه‌ته‌وه و باسی له‌وه كردووه كه له به‌غداوه تا به‌سڕه به نێو شار و شارۆكه‌كاندا بڕۆیت، گوێت له چیرۆكی تووشبوونی گه‌نجانی به ماده‌ی هۆشبه‌ر و ئاڵووده‌بوون به‌و ماده ترسناكانه ده‌بێت، كه ژیانیان به ته‌واوی له‌ناو ده‌به‌ن و داهاتوویه‌كی ڕه‌ش و تاریكیان ده‌بێت.
له
ڕاپۆرته‌كه باس له چیرۆكێكی گه‌نجێك كراوه به ناوی "عه‌لی" كه هێنده ئاڵووده‌ی ماده‌ی "میسامڤیتامین" بووه، كه بوتڵی غازی ماڵه‌كه‌یانی دزیوه و فرۆشتوویه‌تی، تا پاره‌ی ده‌ست بكه‌وێ و ئه‌و ماده هۆشبه‌ره بكڕێ و بیكێشێت، گه‌نجه‌كه ده‌ڵێ، كه ئه‌وه‌ی هه‌یبووه هه‌مووی له‌سه‌ر كڕینی ئه‌و ماده‌یه خه‌رج كردووه و ئێسته‌یش به ته‌واوی ئاڵووده‌ی بووه و بێ كێشانی هۆشبه‌ره‌كان ناتوانێ بژێ و خه‌و ناچێته چاوه‌كانی.
عه‌لی ده‌ڵێ، مۆبایله‌كه‌م و كورسی و ته‌نانه‌ت پێخه‌فه‌كه‌یشم فرۆشتووه، تا بتوانم چه‌ند گرامێك له ماده هۆشبه‌ره‌كان بكڕم، كاتێك له به‌غدا به نێو خاڵێكی پشكنین ڕۆیشتووه و له‌وكاته له ژێر كاریگه‌ری هۆشبه‌ره‌كان بووه و گیراوه و خراوه‌ته گرتووخانه‌وه و ئێسته‌یش نازانێ كه چۆن له ژیاندا ماوه بێ هۆشبه‌ره‌كان.
به به‌رده‌وامی تایه‌كی به‌رز و سه‌رئێشه و جه‌سته‌یه‌كی شه‌كه‌تم هه‌یه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هۆشبه‌ره‌كانم له گرتووخانه نییه و ناتوانم بیكێشم، عه‌لی بۆ ڕۆژنامه‌كه وای گوتووه.
بێل سه‌ردانی بنكه‌یه‌كی پۆلیسی له ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا كردووه و له‌گه‌ڵ عه‌لی قسه‌ی كردووه، ئه‌و گه‌نجه عێراقییه سه‌ره‌تای ئاڵووده‌بوونی به هۆشبه‌ر بۆ گێڕاوه‌ته‌وه و ده‌ڵێ، هه‌موو هه‌وڵێكمان ئه‌وه بوو له بیركردنه‌وه و ژیان له‌و واقیعه ڕه‌ش و تاڵه‌ی هه‌مانه ڕا بكه‌ین و خۆمان بدزینه‌وه، هۆشبه‌ره‌كان ئه‌وه‌یان بۆ به‌دیهێناین و ئیتر به كێشانی هه‌موو شتێكمان بیر ده‌چوو، كه بێ پاره و كار و هه‌موو شتێكین، به‌وهۆیه‌وه زیاتر و زۆرترمان كێشا و دواجاریش بێ هۆشبه‌ره‌كان نه‌مانده‌توانی له ژیان به‌رده‌وام بین.
ئه‌و گه‌نجه نموونه‌یه‌كه له هه‌زاران گه‌نجانی تری عێراق كه ئاڵووده‌ی هۆشبه‌ره‌كان بووه و ساڵانه‌یش ژماره و ئاماره‌ی تووشبووان و ئاڵووده‌بووان به ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌و وڵاته به خێرایی به‌رز ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه به درێژایی چه‌ند ده‌یه‌یی ڕابردوو، به هیچ شێوه‌یه‌ك هۆشبه‌ره‌كان له عێراق به‌و ئاسته بوونیان نه‌بووه و كه‌مترین ئاڵووده‌بوونی هۆشبه‌ر له‌و وڵاته بوونی هه‌بووه.
پزیشكان و به‌رپرسانی پێوه‌ندار به‌و بواره هۆشداری ده‌ده‌ن و به "په‌تا شاراوه‌كه" ناوی ده‌به‌ن، نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن ڕوشد بۆ پزیشكی ده‌روونی له به‌غدا تایبه‌تكراوه بۆ ئاڵووده‌بووانی هۆشبه‌ره‌كان و قاسم ئه‌لوارش له ناوه‌ندی دووباره شیاندنه‌وه و نه‌هێشتنی ئالووده‌بوون به هۆشبه‌ران ده‌ڵێ، ڕێژه‌ی ئاڵووده‌بوون به خێرایی به‌رز ده‌بێته‌وه، زۆرینه‌یشیان ئالووده‌ی ماده‌ی میسامڤیتامین كه زۆر ترسناكه و سیسته‌می به‌رگری جه‌سته وێران ده‌كات و به خێراییه‌كی سه‌رسورهێنه‌ر و ناسروشتی كێشی جه‌سته داده‌به‌زێنێت، جه‌سته‌ی ئالووده‌بووه‌كه ده‌كاته ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ تووشبوون به سه‌رجه‌م نه‌خۆشییه گوێزراوه و ترسناكه‌كان، به تایبه‌ت له‌و سه‌رده‌مه كه په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنایش بوونی هه‌یه.
زۆرینه‌ی سه‌رچاوه و به‌رپرسان و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه بێكاری هۆی سه‌ره‌كی و ڕاسته‌قینه‌ی ئاڵووده‌بوونی گه‌نجانه به ماده‌ی هۆشبه‌ر، ڕێژه‌ی گه‌نجان له كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق واته ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له خوار 25 ساڵییه‌وه‌یه ده‌گاته 60%ی كۆمه‌ڵگه و ڕێژه‌ی بێكاریش له نێو گه‌نجان 36%ه كه ئه‌مه‌یش ڕێژه‌یه‌كی ترسناكه و گه‌نجان له‌و ته‌مه‌نه، كاتێك بێكار بن و هیچ شتێك نه‌بێ پێوه‌ی سه‌رقاڵ بن و گیرفانیان به تاڵ بێ، به ئاسانی ئاڵووده‌ی هۆشبه‌ره‌كان ده‌بن.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، ئه‌گه‌رچی جاران زۆربه‌ی ئه‌و هۆشبه‌رانه‌ی ده‌هاته عێراقه‌وه واته له دوای 2003 له ئێرانه‌وه ده‌هات، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه دۆخه‌كه به ته‌واوی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه، ماده و حه‌بی میسامڤیتامین ته‌نیا له ئێرانه‌وه نایه‌ت، به‌ڵكو له ناوخۆی عێراقیش كارگه‌ی یاساغی دروستكردنی هه‌یه كه به نهێنی ئه‌و جۆره حه‌به هۆشبه‌ره به‌رهه‌م ده‌هێنن و به گه‌نجانی ده‌فرۆشنه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، به‌سڕه و میسان ناوه‌ندی سه‌ره‌كی دروستكردنی ئه‌و جۆره ماده‌یه‌ن و ته‌نیا یه‌ك ژه‌می بچووكی ئه‌و ماده‌یه به پێنج هه‌زاره و گرامێكی ده‌گاته 25 هه‌زار دینار، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه مافیاكان قازانجی زۆر بكه‌ن، بۆیه له ناوخۆی عێراق دروستی ده‌كه‌ن و به گه‌نجانی ده‌فرۆشنه‌وه.
ته‌نیا له ساڵی ڕابردوو شه‌ش هه‌زار گه‌نجی ئاڵووده‌بوو له عێراق گیراون و له ساڵی 2017ه‌وه به به‌رده‌وامی ڕێژه‌ی ئاڵووده‌بوونی گه‌نجان به‌و جۆره هۆشبه‌ره به ڕێژه‌ی 40% ڕووی له زیادبوونه، ئه‌مه‌یش داتای ترسناكن و ئاماژه‌ی زۆر مه‌ترسیداریان له‌دوایه.