ویست و شارەزایی مەرجی سەرخستنی ئابوورییە و مەسروور بارزانی هەردووكی هەیە

:: PM:08:48:20/04/2021 ‌
د. ئەرشەد تەها پسپۆڕی یاریدەدەر لە سیاسەتی ئابووری، لەم دیمانەیەدا باس لە دوایین كتێبی خۆی دەكات لەبارەی موعجیزەی كۆریای باشوور، چیرۆكی پەرەپێدانی خێرای ئابووری و دەروازەیەك بۆ ستراتیجیی پەرەپێدان لە هەرێمی كوردستان. ئەو پێی وایە كە ئێمەش لە هەرێمی كوردستان دەتوانین سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەر‌بگرین و بیگونجێنین.

•    بۆچی ئابووری كۆریای باشوور موعجیزەیە یان چیرۆكی ئەو پەرەپێدانە خێرایە ئابوورییە چییە؟
تا سەرەتای ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی ڕابردوو زۆربەی ئابووریناس و بیردۆزە ئابوورییەكان، پێیان وابوو ئەگەر وڵاتە دواكەوتووەكان بیانەوێ پەرەپێدانی ئابووری دەستەبەر بكەن، پێویستە بەهەمان هەنگاوەكانی وڵاتانی پێشكەوتوو تێپەڕ بن، واتا ئەگەر وڵاتێكی وەك بەریتانیا 200 ساڵی پێویست بووبێت بۆ پەرەپێدانی ئابووری و پێشكەوتنی تەكنەلۆجی، ئەوا هەر وڵاتێكی تر لە وڵاتە دواكەوتووەكان بیەوێت بگاتە ئاستی وڵاتی بەریتانیا، پێویستە بە 200 ساڵ هەمان هەنگاوەكان ببڕێتەوە! بەڵام نۆ وڵاتی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا پێكەوە بۆچوونێكی تریان هەبوو، كاتێك هەموویان پێكەوە بە كەمتر لە 30 ساڵ، لە ناوەڕاستی شەستەكان تا سەرەتای نەوەتەكان، توانیان پەرە بە ئابوورییان بدەن و لە زۆر پێوەری ئابووری پێش وڵاتانی ئەوڕوپای ڕۆژئاوا بكەون، بە ‌تایبەتی ژاپۆن و ئەژدیها گەورەكە "چینی مەزن" و چوار پڵنگەكەی ئاسیا "كوریای باشوور، هۆنگ كۆنگ، تایوان، سەنگاپوور" و مالیزیا و ئەندۆنیسیا و تایلاند، كە بانكی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێكدا لە ساڵی 1993 بە موعجیزە ناوی دەبات.

•    بۆ گەشەسەندنی ئابووری لەو وڵاتانە چەند ساڵ پێویست بوو؟
لە ماوەی كەمتر لە 30 ساڵ ئەو وڵاتانە توانیان تێكڕای گەشەی ئابووری سەرسوڕهێنەر و بەردەوام بە خۆیانەوە ببینن، لە وڵاتی هەژار لە ڕووی دەرامەت و دواكەوتوو لە ڕووی تەكنەلۆجییەوە، ببنە هێزی ئابووری گەورە و خاوەن پیشەسازی ئاراستەكراو بۆ هەناردەكردن، لە زۆر پێوەرەوە ئاستی بژێوی ئەو وڵاتانە گەیشتە ئاستی بژێوی وڵاتانی دەوڵەمەندی ڕۆژئاوا، بەهۆی خێرایی تێكڕای گەشەی ئەو وڵاتانە و بووژانەوەی بەرچاوی پێوەرەكانی خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی وەك دابەزینی ڕێژەی هەژاری، بەرزبوونەوەی تێكڕای تەمەنی چاوەڕوانكراوی تاكەكان، كەمبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری و بێكاری، گۆڕانكاری لە پەیكەری بەرهەم و هەناردە، لەبەرئەوە ناو نرا بە (موعجیزەی ئاسیاییAsian Miracles) ئەو ناونانە لە خۆڕا نەبووە، ئەگەر ورد بینەوە لە قۆناغەكانی گواستنەوەی خێرای ئەو وڵاتانە بە بەراورد بە وڵاتانی تر، چونكە لە سەرەتا زۆربەی ئەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا جیاوازی گەورەیان نەبوو لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقی لە ڕووی بەرهەمی ناوخۆ، بەڵام گەشەی خێرا و سەرسوڕهێنەر وایكرد لە وڵاتانی ئەفریقی دوور بكەونەوە و ‌پێش وڵاتانی ئەمەریكای باشووریش بكەونەوە و ڕكابەری وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریكای باكور بكەن. ئەو هەنگاوە گەورەی پەرەپێدانی ئابووری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، سەرەتا بە ئەزموونی‌ ژاپۆن دەستی پێ كرد، كاتێك توانی بە 40 ساڵ لە وڵاتێكی هەژار و دۆڕاو لە جەنگی جیهانی دووەم، ببێتە دووەم گەورەترین ئابووری لە دنیا، تێكڕای داهاتی تاكەكەس دە ئەوەندە زیادی كرد لەو ماوەیە، كەچی وڵاتانی شۆڕشی پیشەسازی ئەوروپی 150 ساڵیان پێویست بوو بۆ هەمان دەستكەوت.

•    كەواتەی بۆچی تەنیا ئابووری كۆریا باشوور موعجیزەیە؟
موعجیزەی ئابووری كۆریای باشووری سەرنجی دنیای ڕاكێشا، چونكە تێكڕای بەرهەمی نیشتمانی بووە سێ‌ ئەوەندە بە كەمتر لە 20 ساڵ، بە هەمانشێوە تێكڕای گەشەی ئابووری سێ وڵاتەكەی تر (هۆنگ كۆنگ و تایوان و سەنگافووره)‌ زیادی كرد. لەبەر ئەوە ناو نران بە چوار پڵنگەكەی ئاسیا.

•    ئێمە لە كوردستان دەتوانین ئەو موعجیزەیە دووبارە بكەینەوە؟
ئەگەر ویست و شارەزایی هەبێت، دەتوانرێ موعجیزەی ئابووری وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دووبارە بكرێتەوە، لە هەرێمی كوردستان دەتوانین سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەر‌بگرین و بیگونجێنین لەگەڵ بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی كوردستان، مەرجی یەكەم و سەرەكیی سەركەوتن، هەبوونی سەركردەیە كە ویستی چاكسازی و پەرەپێدانی ئابووری و بەرەوپێشبردنی وڵاتی هەبێت، ئێستە مەسروور بارزانی ئەو سەركردە بەهێزەیە‌ كە سەرۆكایەتی حكوومەت دەكات و ویستی بەهێزی خۆی بۆ پەرەپێدانی ئابووری و بەرەوپێشبردنی كوردستانی بە هەموو لایەك ڕاگەیاندووە، ئەو وڵاتانەی ئاماژەمان پێیان كرد، سامانی سروشتیشیان نەبوو، ئێمە سامانی سروشتیشمان هەیە كە كارەكەمان ئاسانتر دەكاتەوە، مەرجی دووەم هەبوونی شارەزاییە، لەبەرئەوە ئەزموونی ناوازەترین وڵاتی دنیا كە كۆریای باشوورە، لەڕووی خێرایی و بەردەوامی پەرەپێدانی ئابووری و دادپەروەری لە دابەشكردنی بەرهەمی پەرەپێدان لە نێوان چینە كۆمەڵایەتییەكان لە ماوەی 30 ساڵی گەشەی خێرا دەخەینە بەردەست، بەهیوای ئەوەی ئەو ئەزموونە ببێتە دەروازەیەك بۆ داڕشتنی ستراتیجیی پەرەپێدانی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا. بێگومان تێگەیشتن لە نهێنییەكانی گەشەی خێرا و فراوانی ئابووری كۆریا كارێكی ئاسان نییه، بەڵام تێگەیشتن‌ لەو ئەزموونە بیرۆكە و زانیاری و وانەی ئەوتۆمان پێ دەدات ‌كە بەهاكەی بە پارە ناتوانرێت بخەمڵێنرێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم