وریایی لە فرەوانبوونی پشێوییەكانی عێراق دەدرێت

:: PM:06:00:10/05/2021 ‌

كوشتنی ئیهاب وەزنی، رێكخەری خۆپێشاندانەكانی كەربەلا دەرگەی قۆناغێكی تری توندوتیژی لە عێراق كردەوە، دوای كوشتنی، لە چەند پارێزگایەكی عێراق گەنجانی ناڕازی رژانە سەر شەقامەكان، پەرلەمانتارێكی كەربەلا وریایی لە دووبارەبوونەوەی پشێوییەكانی كەربەلا لە چەند پارێزگایەكی تری عێراق دا. 

ریاز مەسعوودی، پەرلەمانتاری شیعە گوتی، كوشتنی چالاكان شتێكی نوێ نییە، بەڵكو دەرەنجامی ئەو دۆخە شێواوەی عێراقە و پێویستە حكوومەت لایەنی كەمتەرخەم دیاری بكات، روونی كردەوە، كردنەئامانجی فڕۆكەخانە و نێردە دیپلۆماسی و چالاكان دەكەونە چوارچێوەیەكی كردنەئامانجی سیاسی، ئەوەیشی لەپشت ئەو كارانەیە ئەجیندا و مەبەستی سیاسی هەیە بۆ شێوانی دۆخی سیاسی و ئابووری و تەناهی عێراق. 
مەبەست نانەوەی پشێوی و شەرمەزاركردنی حكوومەتە لەبەردەم دنیا و نێردە دیپلۆماسییەكان
مەسعوودی دووپاتی كردەوە، مەبەست لەو كارانە نانەوەی پشێوی و شەرمەزاركردنی حكوومەتە لەبەردەم دنیا و نێردە دیپلۆماسییەكان و پێشاندانی عێراقە وەك دەوڵەتێكی لێكتراواز، كە رژێمێكی دیكتاتۆری فەرمانڕەوایەتی دەكات نەوەك سیستمێكی دیموكراسی، جیا لە خۆشكردنی ململانێ لە ناوچە شیعەكان. بۆیە ئەوەی لە كەربەلا رووی دا لە كوشتنی چالاكان و خۆپێشاندان، ئەگەری هەیە لە پارێزگای تریش دووبارە ببێتەوە.

لای خۆیەوە فازڵ غەراوی، ئەندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق گوتی، وریایی لە رووچوونی عێراق بۆ ناو زەڵكاوێكی مەترسیدار دەدەین لە حاڵەتی بەردەوامبوونی زنجیرەی كوشتنەكان و پشێوی كە وشەی ئازاد دەكەنە ئامانج، روونی كردەوە، لەوەتەی خۆپێشاندان لە 2019 دەستی پێ كردووە، 89 هەوڵی كوشتن چالاك و راگەیاندنكار و چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كردووەتە ئامانج. بۆیە ئەوە تاوانێكی قێزەوەنە و پێویستە حكوومەت و هێزە تەناهییەكان ئەوان بپارێزن و بكوژان ئاشكرا بكەن.

لای خۆیەوە خەتیب زادە، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە یاداشتێكی ناڕەزایەتیان داوەتە باڵوێزخانەی عێراق لە تاران لەبارەی ئاگەربەردان لە دیواری دەرەوەی كونسوڵگەی ئێران لە كەربەلا و ئەو كارە سەركۆنە دەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل