حكوومەت چاكسازی لە بواری باج بڵاو كردەوە

:: PM:07:52:10/05/2021 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتی چاكسازیی لە بواری باج دەنێرێتە پەرلەمان و بەپێی راپۆرتەكەیش چیتر مامەڵەی كۆمپانیاكانی نەوت رایی ناكرێ‌ تا باج نەدەن.

ئەمڕۆ دووشەم 10ی ئایار، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ڕاپۆرتی چاكسازی لە بواری باج ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كراوە.

" چوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری چاكسازی كە پێداگری لەسەر چاكسازیی سیستەمی باج بە شێویەكی دادپەروەرانە دەكاتەوە لە وەرگرتنی باج و گرتنەبەری هەموو ڕێكارێكی یاسایی و كارگێڕی بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میكانیزم و پێوەری تازە بۆ ڕێكخستنی باج و لەو پێناوەشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك ڕێكاری گرتۆتەبەر" فەرمانگەكە وای نووسیوە.

لە راپۆرتی چاكسازی لە بواری باج چەند خاڵێك دیار كراوە كە ئەمانەن:
یەكەم: بە فەرمانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە وەرگرتنی باجی دەرامەت لەسەر بەرهەمە نەوتی و سوزتەمەنییەكان و مەوادی كیمیایی تایبەت بە سووتەمەنییەكان و پاشەڕۆی سوتەمەنییەكان، باج بەم شێوەیە وەربگیردرێت كە لە ڕێكەوتی ٢٠٢١/٣/٥ چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە:
ـ ٧% باج لە بەها لە كاتی هاوردەكردن.
ـ ٤% باج لە بەها لە كاتی هەناردەكردن.

دووەم: مامەڵەی هیچ كۆمپانیایەكی نەوت و گاز ڕایی ناكرێت تا پاكانەی باجی لەگەڵدا نەبێت.

سێیەم: وردبینیی بڕی باجی خەمڵێنراو لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئەنجام دەدرێت.

چوارەم: دەبێ سەرجەم كۆمپانیاكانی دابینكار (Suppliers) خۆیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، تۆمار بكەن.

پێنجەم: وەرگرتنی باج لە كارمەندی بیانیی بواری نەوت و گاز كە لە ڕێكەوتی ٢٠٢١/١/١٧ چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم