یەكێتی مامۆستایان: داوای باشترکردنی گوزەرانی مامۆستایان دەکەین

:: PM:12:11:11/05/2021 ‌
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنیدا، داوای باشتركردنی مووچەی مامۆستایان دەكات. سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانیش ڕای دەگەیەنێت، كردنەوەی هەژماری بانكی مامۆستایان زۆر پێویستە.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی ئایار، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتـی مامۆستایانی كوردستان نزیك دەبینەوە، 59 ساڵ پێش ئێستە یەكێتییەكەمان دامەزراوە و لە خەباتی خۆمان بۆ پێگەیاندنی داهاتوو و پەروەردەی تاكی كوردی بەردەوامین.

باسی لەوەش كرد، لەو ڕۆژەدا داوای باشتركردنەوەی مووچەی مامۆستایان لە حكوومەت دەكەین، هەروەها كردنەوەی ژمارەی بانكی بۆ تەواوی مامۆستایان و جێكردنەوەی ئەو مووچانەی لە رابردوودا نەدراون.

یەكێك لە داواكارییەكانمان بریتییە لە دەستپێكردنەوەی پلە و مووچە بەرزكردنەوە
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان گوتی، یەكێك لە داواكارییەكانمان بریتییە لە دەستپێكردنەوەی پلە و مووچە بەرزكردنەوە كە لە ساڵی 2015ەوە وەستێنراوە، لەگەڵ پەسندكردنی رەشنووسی پارێزبەندیی مامۆستایان كە سێ ساڵ زیاترە پێشكەش بە پەرلەمان كراوە.

ڕوونی كردەوە، پشتگیریی یاسای چاكسازی دەكەین بەو مەرجەی دەست بۆ دەرماڵەی مامۆستایان نەبرێ.

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕۆژی 15ـی ئایاری ساڵی 1962 دامەزراوە، تا ئێستە یەكێكە لە گەورەترین رێكخراوەكانی كوردستان و زیاتر لە 65 هەزار ئەندامی هەیە.



وشە - رامیار جەواد