دووەم گەورەترین پێشانگەی تەكنەلۆجی لە هەولێر دەكرێتەوە

:: AM:10:02:06/06/2021 ‌
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دووەم گەورەترین پێشانگەی تەكنەلۆجی لە هەولێر بكرێتەوە، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم شەشی حوزەیران، ڕێبەر چالاك خاوەنی كۆمپانیای 5G، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێشانگەی HITEX 2021 كە گەورەترین پێشانگای تەكنەلۆجییە لە عێراق، بۆ جاری دووەم لە شاری هەولێر دەكرێتەوە.

زیاتر گوتی، ئەو پێشانگەیە ڕۆژی 16ـی حوزەیران دەكرێتەوە و تا ڕۆژی 19ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت، شوێنەكەشی لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر دەبێت.

خزمەتگوزارییەكانی كۆمپانیا جیهانییەكان و بەرهەمەكانیان نمایش دەكرێن
ڕوونی كردەوە، نوێترین داهێنانە تەكنەلۆجییەكان و خزمەتگوزارییەكانی كۆمپانیا جیهانییەكان و بەرهەمەكانیان نمایش دەكرێن.

باسی لەوەش كرد، لەو پێشانگەیە ئاشنایەتی لەگەڵ زۆنی تایبەت بە گەیمەرەكان دەبیت و دەتوانی بێ بەرانبەر یاری بكەی و بەشداری پاڵەوانەتییەكان بی و دیاری ببەیتەوە.

ساڵی 2019 لە هەولێر پێشانگەیەكی هاوشێوە كرایەوە كە یەكەمین پێشانگەی تەكنەلۆجی بوو، تێدا بە دەیان كۆمپانیای بیانی بەشدار بوون.



وشە - رامیار جەواد