"بەهۆی پەكەكە نیوەی خاكی سیدەكان لەژێر كۆنترۆڵی توركیادایە"

:: PM:02:25:17/06/2021 ‌
ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" ڕای دەگەیەنێت، بەشێكی زۆری ناوچە كوێستانییەكان، ئێستە بەهۆی جووڵە سەربازییەكانەوە ناتوانرێ سوودیان لێ وەربگیرێت و بوونەتە شوێنی سەربازگە، هەروەها نزیكەی نیوەی خاكی شارەدێی سیدەكان كە دەیان گوند لەخۆ دەگرێت، ئێستە لەژێر كۆنترۆڵی سوپای توركیادایە و هاووڵاتییان و پێشمەرگە لە ڕابردوو بەهۆی ئەو بۆمبانەی پەكەكە دایدەنێتەوە، شەهید بوونە.

بوونی پەكەكە بووەتە هۆی ئەوەی ناوچەكە نەتوانرێ لەڕووی گەشتیارییەوە سوودی لێ ببینرێت؟
دوای ساڵی 2017 كە توركیا هێرشی كردووەتە سەر پەكەكە، بەشێكی زۆری ئەو ناوچانە لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكە نەماوە و ئێستە پێگە و بارەگاكانی توركیا لەو شوێنەدا هەیە، ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدا بوو، ئێستە لەژێر كۆنترۆڵی توركیادایە و سوپای توركی بە درێژایی 30 كیلۆمەتر هاتووەتە پێش ئەو شوێنانەی بەهۆی پەكەكە چۆڵ بوون، ئێستەیش هەر بەچۆڵی ماونەتەوە و ناتوانرێ سوودیان لێ وەربگیرێت.

ژمارەیەكی زۆر گوند لەو سنوورە هەیەو بەهۆی پەكەكە چۆڵ كراون، ئێستەیش هەر چۆڵن دوای كۆنترۆڵكردنی لەلایەن توركیاوە؟
نەهامەتی و چۆڵبوونی گوندەكان پێشتر بەهۆی پەكەكەوە بوو و ئێستەیش ئەو گوندانە چۆڵن، ژمارەی گوندەكان بریتین لە 118 گوند لەو سنوورە، هەروەها پێشتر پەكەكە هەبوو ئێستە توركیا هەیە، بۆیە دانیشتووانەكەی ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ئەو شوێنانەش گوندی و ناوچەی زۆر بەسوودن و چەندان ناوچەی كوێستانی لەخۆ دەگرێت.

هیچ شوێنێكی ئاشكرای پەكەكە لەو سنوورەی ئێوە بوونی ماوە؟
ئێستە هیچ بارەگا و پێگەیەكی فەرمی پەكەكە لە سیدەكاندا نییە، ئەوەشی ئەگەر هەبێت بەشێوەی نهێنی پەكەكە ڕەنگە شوێنی هەبێت یان جووڵەی هەبێت، بەڵام بەشێوەی ئاشكرا هیچ شوێنێكیان نییە وەك ئەوەی لە ساڵی 2017 چەندان شوێنیان هەبوو و چالاكییان ئەنجام دەدا، ئێستە توركیا شوێنی گرتوونەتەوە.

لە ماوەی ئەمساڵدا لە سنووری سیدەكان چەند تەقینەوەیەك هەبوو، گوترا پەكەكە بوو، ئەوە چییە؟
ئێستە پەكەكە لە هەندێك شوێن بۆمبی داناوە و لە ڕابردووشدا ئەوەی كردووە، ئێستە نازانرێ ئەو بۆمبانە چۆن دانراون، ئایا پەكەكە بۆ پێشمەرگەی داناوە یان بۆ توركیایە، لە 13ـی ئادار پێشمەرگەیەك بەهۆی تەقینەوەی پەكەكە شەهید بوو و هەروەها هاووڵاتییەكیش بریندار بووە، بۆیە مەترسی ئەو جۆرە بۆمبانە لەسەر ڕێیەكان بەردەوام هەیە و هەمیشە هۆشداریمان بە هاووڵاتییانی سنوورەكە داوە.

پەكەكە لە سنووری ئێوە پێشتر بۆ كاری بازرگانی باج و سەرانەی لە خەڵك سەندووە؟
تا ئێستە كەس نەهاتووە سكاڵا بكات بڵێت پەكەكە سەرانەی لێ سەندووم، بەڵام پێش 2017 ئەو جووڵەیە و ئەو شێوازی وەرگرتنی پارەیە لە ناوچە كوێستانییەكان هەبووە، هاووڵاتییان ئەوەیان باس كردووە كە پەكەكە لەو شوێنانە باج وەردەگرێت.

ناوچە كوێستانییەكان شوێنێكی گرنگن بۆ ڕەوەندە كوردەكان و مەڕداران، دەتوانرێت ئێستەیش وەك ڕابردوو سوودیان لێ ببینرێت؟
ئەو ئاڵۆزییانەی هەیە لە سنوورەكەدا بوونی توركیا و پەكەكەیە، ئێستە ناتوانرێت سوود لە ناوچە كوێستانییەكان ببینرێت و ئێستە توركیا لە ناوچەكە مامەڵە دەكات، بۆیە ڕێژەی مەڕدار لە سنوورەكە زۆر كەم بووەتەوە.

ناوچەی سیدەكان لە وەرزی هاوین بە مەڕدار و ناوچەی كوێستانی ناسرابوو، ئەی ئێستە؟
ساڵی ڕابردوو ژمارەی مەڕداران لە 50 مەڕداری تێپەڕی نەدەكرد و بەر لە مانگی هەشت گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خوارەوە و ناوچەكانی تر ڕۆیشتن، پێشتر ژمارەیان بە سەتان مەڕدار بوون، لە ماوەی ڕابردووشدا بەهۆی تەقینەوە شوانكارێكیش گیانی لە دەست داوە و یەكێكیش بریندار بووە، ئەوەیش هێندەی تر مەڕدارانی لە سنوورەكە دوور خستووەتەوە.

بۆ ئەمساڵ مەڕداران دەچنە كوێستانەكان؟
چوونی مەڕداران بۆ ناوچە كوێستانییەكان جیاوازە و ئەو كەسانەشی دەچن، تەواوی زانیارییەكانیان تۆمار دەكەین و ئاگەداریشیان دەكەینەوە لەو شوێنانەی مەترسی هەیە، ئێستە ئەو شوێنانەی ڕووی تێدەكەن، زیاتر ئەوانەن كە نزیك دامەزراوەكانی پێشمەرگەن.

كەوایە بەشێكی زۆری خاكی سیدەكان ناتوانرێ سوودی لێ وەربگیرێت؟
بەشێوەیەكی گشتی سیدەكان ڕووبەرەكەی بریتییە لە هەزار و 617 كیلۆمەتر دووجا، لەوانەش 46%ی لەژێر كۆنترۆڵی توركیایە و بووەتە شوێنی ململانێی نێوان پەكەكە و توركیا، بۆیە ئێستە 118 گوندیش چۆڵ كراون و ئاوەدان نەكراونەتەوە.
  



وشە - رامیار جەواد