سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له دهۆك سه‌عید عه‌لی عه‌بۆ له چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ "وشه" باس له‌وه ده‌كات، پێویسته هه‌مووان یه‌كڕیز بن و هه‌نگاو بنێن بۆ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، شاندی یه‌كگرتوو له تاران باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی كردووه، له‌باره‌ی كێشه ناوخۆیییه‌كانیش ده‌ڵێ، ده‌بوو به ڕێككه‌وتن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام گۆڕان ماوه‌ی نه‌دا حزبه‌كان بگه‌ن به ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی 19ی ئابیان ئه‌نجام دا و ئێسته‌ش حكوومه‌تی بنكه‌فره‌وان شكستی خواردووه.
وه‌ك یه‌كگرتوو خوێندنه‌وه‌تان بۆ دۆخی ئێسته‌ی كوردستان چییه؟
گۆڕانكارییه‌كان خێران و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه له دۆخێكی هه‌ستیار تێپه‌ڕ ده‌بێ، بۆیه گرنگه لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان به هۆشیارییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن، وه‌ك یه‌كگرتوو هه‌میشه هۆشیارانه و نه‌ته‌وه‌یییانه مامه‌ڵه‌مان كردووه، دوای هه‌ڵبژاردنی 2013ش یه‌كگرتوو به‌شداری حكوومه‌تی كرد و بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و یه‌كڕیزی نێوماڵی كورد، به‌ڵام به داخه‌وه حكوومه‌تی بنكه‌فره‌وان شكستی هێناوه.
له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی زۆر باسی لێ ده‌كرێ، ئێوه چۆن له‌و بابه‌ته ده‌ڕوانن؟
یه‌كگرتوو و هه‌موو حزبه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی و ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمن، ئه‌وانه‌ی ئێسته بیانوو بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌بیننه‌وه، ته‌نیا موزایه‌ده‌ی سیاسی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كێشه‌ی ناوخۆیی و ته‌نگژه‌ی دارایی و زه‌مینه‌سازیش نه‌بێ، پێویسته هه‌نگاوی زیاتر و خێراتر بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی بنرێ، چونكه ده‌وڵه‌تبوون مافی كورده و خودا ئه‌و مافه‌ی به ئێمه داوه، له بڕوایه‌دام ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و وڵاتانی دنیاش ڕێگری له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ناكه‌ن، بۆیه پێویسته لایه‌نه‌كان رێك بكه‌ون و ئه‌و پرسه چاره‌نووسسازه فه‌رامۆش نه‌كه‌ن و هه‌نگاو بنێن.
له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكی چۆنی كوردستاندان، مه‌ده‌نی یان ئیسلامی؟
یه‌كگرتوو به‌لایه‌وه گرنگه ده‌وڵه‌تێكی كوردی مه‌ده‌نی له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری و ئازادی دابمه‌زرێ، نه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی، خه‌ڵك په‌رۆشن بۆ ده‌وڵه‌تی كوردستان و چاوه‌ڕێی بڕیاری حزب و لایه‌نه سیاسیییه‌كانن، پێویسته ئێمه‌ش هه‌نگاوی بۆ بنێین.
شاندێكی یه‌كگرتوو سه‌ردانی ئێرانی كرد و پرسی ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌وێ خراوه‌ته ڕوو، ئێران وه‌ڵامی بۆ ئه‌و پرسه چی بوو؟
سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی یه‌كگرتوو به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتوو له‌سه‌ر داوه‌تی فه‌رمی ئێران بوو و له‌وێ به فه‌رمی باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان كراوه، به‌ڵام ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی عێراقدان و ئه‌مه‌ش كارێكی ئه‌سته‌مه عێراق به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه.
بۆچی ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كان دوای 19ی ئاب به‌و شێوه‌یه قووڵ بوونه‌وه و كێ به‌رپرسه؟
ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به ڕێككه‌وتنی سیاسی دانراوه، ده‌كرا هه‌موو حزبه‌كان له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ن به ڕێككه‌وتن، به‌ڵام گۆڕان مۆڵه‌تی به لایه‌نه سیاسییه‌كان نه‌دا تا بیر له‌و بابه‌ته بكه‌نه‌وه و بگه‌ن به ڕێككه‌وتن، كۆبوونه‌وه‌ی 19ی ئابی ئه‌نجام دا و ئه‌مه‌ش كاتی بۆ هیچ لایه‌نێك نه‌هێشته‌وه تا بیر له ڕێكه‌وتن بكه‌نه‌وه. به‌ڵام هه‌ر ده‌بێ په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه و حزبه‌كان بگه‌ن به‌ڕێككه‌وتن.
هه‌ندێك داوای گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا ده‌كه‌ن، ئێوه وه‌ك یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كورد ئیراده‌ی خۆی ڕاده‌ستی به‌غدا بكاته‌وه؟
پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كپارچه‌یى له عێراق كارێكى ئه‌سته‌مه، ئه‌مڕۆ بێ یا سبه‌ی هه‌ر ده‌بێ ببین به دوو دراوسێی باش، به‌ڵام بۆ ئه‌وه پێویسته به ڕێگه‌ی لێكتێگه‌یشتن و یاسا و ده‌ستوور بێ، ئه‌وه‌ی گرنگه لایه‌نه‌كان یه‌كڕیز و یه‌كگرتوو بن و هه‌مووان به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یییه‌كان بخه‌نه پێش هه‌موو شتێكه‌وه.
پڕۆژه‌ی لیستی هاوبه‌شی حزبه ئیسلامییه‌كان به كوێ گه‌یشت؟
حزبه ئیسلامییه‌كانى كوردستان كه‌مترین ناكۆكی له نێوانیان هه‌یه و ئێسته‌ش خه‌ریكی نووسینه‌وه‌ی پڕۆژه ڕه‌شنووسێكن و لیژنه‌یه‌كی 15 كه‌سی پێك هێنراوه و كاره‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێسته ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه كه له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌یه‌كه‌وه به‌شدار ده‌بین یان نا.
ئه‌مینداری گشتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی به تێنه‌گه‌یشتن له كاره‌كه‌ی ناو برد و گوتی په‌له‌ی كرد، گۆڕانیش هه‌ڵمه‌تێكی جنێویان به‌رامبه‌ر یه‌كگرتوو ده‌ست پێ كرد، هه‌ڵمه‌تی جنێو كارێكی دیموكراتی و مه‌ده‌نییه؟
یه‌كگرتووی ئیسلامی حزبێكی شه‌ڕفرۆش و جنێوفرۆش نییه و به ئاشته‌وایی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام لایه‌نه‌كان كێشه‌یان ئه‌وه‌یه له یه‌كگرتوو ناگه‌ن، پێشتر پارتی له یه‌كگرتوو نه‌گه‌یشتبوو به جۆرێكی تر مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد، ئێسته تێگه‌یشتوون و پێوه‌ندی نزیكمان هه‌یه، ئه‌و هه‌ڵمه‌تی جنێو و ناوزڕاندنه‌ی گۆڕانیش له ڕۆژانی ڕابردوودا به یه‌كگرتووی كرد، هه‌ڵوێستی فه‌رمی نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وانیش له كۆتادا له یه‌كگرتوو ده‌گه‌ن.
ده‌گوترێ بۆچوونی یه‌كگرتوو له دهۆك و سلێمانی به‌رامبه‌ر پرسه‌كان جیاوازی هه‌یه ئه‌مه چۆنه؟
یه‌كگرتوو له هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك تێڕوانینی به‌خۆی هه‌یه و جیاوازه، به‌ڵام ئه‌مه نه‌بووه‌ته كێشه و شتێكی ئاسایییه و بڕیاری كۆتایش هه‌ر ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ركردایه‌تیی گشتیی یه‌كگرتوو.
دهۆك- نه‌وزاد هلۆری