بەرپرسێكی عێراقی دوێنێ بەتۆمەتی گەندەڵی گیرا و ئەمڕۆ مرد

:: PM:12:05:03/08/2021 ‌
دوێنێ بەتۆمەتی گەندەڵی، بەرپرسێكی عێراقی لە پارێزگای نەینەوا گیار و خرایە گرتووخانەوە، كەچی هەمان بەرپرس ئەمڕۆ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەست داوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم سێی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی دوێنێ دووشەم بەڕێوەبەری پشكنینكاریی شوێنەواری پارێزگای نەینەوا بەتۆمەتی گەندەڵی گیرا و خرایە گرتووخانەوە تا لێكۆڵینەوەی تەواو دەبێت، كەچی ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاندووە، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەست داوە.

عەلی حازم سومەیدەعی كە بەڕێوەبەری پشكنینكاریی شوێنەواری نەینەوا بوو


بەپێی پێگەكە، سەرچاوەیەكی تەناهی لە نەینەوا رای گەیاندووە، عەلی حازم سومەیدەعی كە بەڕێوەبەری پشكنینكاریی شوێنەواری نەینەوا بوو، گومانی گەندەڵییەكی زۆری لەسەر بووە، بۆیە دوێنێ بەو تۆمەتە گیرا و خرایە گرتووخانەوە، لە دوای 24 سەعات لەناو گرتووخانەكە گیانی لە دەست دا.

پێگەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە عەلی حازم سومەیدەعی، لەلایەن لیژنەی چاودێریكردنی ئەو زەوییانەی لە پارێزگای نەینەوا داگیر كراون و ساختە كراون، سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە و بەهۆیەوە گیرابوو.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د