لە بودجەی 2022 نرخی دۆلار دەستكاری دەكرێت؟

:: PM:08:43:06/09/2021 ‌

زیادكردنی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی یەكێك بوو لە رێوشوێنەكان بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنانی گەورەی بودجەی عێراق، حكوومەتی عێراق خۆی لەبەردەم چەند بژارەیەك بینییەوە، لەوانە زیادكردنی نرخی دۆلار، كە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و كاڵاكانی تری لە دەرەوە دێت، گوتەبێژی حكوومەتی عێراق پێشبینی خۆی بۆ ساڵی داهاتوو دەخاتە روو.

حەسەن نازم، گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی عێراق دووپاتی كردەوە كە نرخی دۆلار لە بودجەی ساڵی داهاتوو وەك ئێستە جێگیر دەبێت، چونكە تا ئێستە بەهۆی ئەو كورتهێنانەی هەیە، نەتوانراوە هیچ بڕە پارەیەك بەردەست بێت.

روونی كردەوە، بابەتی زیادكردنی نرخی دۆلار ساڵانێكە هەبووە، بەڵام هیچ حكوومەتێكی پێشوو بوێری نەكرد بەهۆی مشتومڕ و مەترسییەكانی هەیە ئەو هەنگاوە باوێت، بۆیە حكوومەتی كازمی لە وەرگرتنی بڕیارەكە بوێر بوو، چونكە لە بەرژەوەندیی ئابووری عێراق بووە و لە چوارچێوەی دیدی چاكسازییە ئابوورییەكانی وەزارەتی دارایی بووە، بیرۆكەكە لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی نووسراوی سپی خرایە روو و رەزامەندی بەدەست هێنا.

گوتەبێژی حكوومەتی عێراق رای گەیاند، هاوكات حكوومەت بەردەوامە لە هەنگاوەكانی پاڵپشتیكردنی ئەو مادە و كاڵایانەی بەو هۆیەوە نرخیان بەرز بووەتەوە، چارەسەری بۆ داناوە و بڕیاری لەبارەیانەوە داوە، بەڵام بیرۆكەی زیادكردنی نرخی دۆلار لە سەردەمی ئەو حكوومەتەی ئێستە پاشگەزبوونەوەی بۆ نییە و پێشم وا نییە لە بودجەی 2022 ئەو نرخە دەستكاری بكرێت، چونكە ئەو بودجەیەیش لەلایەن ئەو حكوومەتەوە دادەنرێت.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل