ئەوروپا هاوردەكردنی ئەو كاڵایانەی قەدەغە كرد كە بە بێگاری بەرهەم هێنراون

:: PM:03:37:16/09/2021 ‌
بەرپرسێكی باڵای یەكێتی ئەوروپا ئاشكرای كرد، هاوردەی هەموو ئەو بەرهەمانە قەدەغە دەكەن كە بە زۆرەملێ و بێگاری لە وڵاتان بەرهەم هاتوون.

ئورزولا فۆندێرلاین سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، وێڕای ئاشكراكردنی هەنگاوەكە گوتوویەتی، مافی مرۆڤ نابێت بفرۆشرێ، بەڵكو دەبێت رێزی لێ بگیرێت.

چاودێرانی سیاسی و لیكۆڵەرەوان گوتوویانە، مەبەستی سەرەكیی یەكێتی ئەوروپا، ئەو كاڵایانەیە كە لە چین لە كەمپ و ئۆردوگا زۆرەملێیەكان بەرهەم دەهێنرێن.

بەپێی راپۆرتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرووی یەك ملیۆن مسوڵمانی ئۆیغۆر لە ویلایەتی سین كیانگ خەریكی بێگاری و كاری زۆرەملێن.

سەرووی 20%ی كۆی بەرهەمی لۆكەی دنیا، لە ئاكامی كاری زۆرەملێ لە چین بەرهەم دەهێنرێن.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، پێشتریش دامەزراوەی ئەمەریكی گڵۆباڵ لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردبوو، سەرووی 20%ی كۆی بەرهەمی لۆكەی دنیا، لە ئاكامی كاری زۆرەملێ لە چین بەرهەم دەهێنرێ.

یەكێتی ئەوروپا لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵیش، كۆمەڵێك سزای بەسەر چیندا سەپاند و پاڵپشتی لە ئۆیغۆرەكانی ئەو وڵاتە كرد.

لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا چین لە یەكێتی ئەوروپا، سەرووی 120 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی كردووە و یەكێتی ئەوروپاش هەرچەندە ساڵی رابردوو كۆمەڵێك گرێبەستی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژوو كرد، بەڵام داوای لێ كردبوو لە چوارچێوەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان، كار لەو وڵاتە رێك بخرێت و مافی كرێكاران دابین بكرێت، بەڵام چین گوێی بە بەڵێنەكانی نەداوە و لە چەوساندنەوەی ئۆیغۆرەكان بەردەوامە.


وشە - سلێمان تاشان