ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك: پێویستە پەكەكە پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەت بە هەند وەربگرێت

:: PM:08:00:20/09/2021 ‌

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژەی كرد كە پەكەكە سەرئێشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دروست دەكا و رێگە نادات خەڵك بگەڕێنەوە گوندەكانیان، بۆیە لێیان قبووڵ ناكەن، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆكیش دووپاتی كردەوە كە پێویستە پەكەكە پەیامەكە بە هەند و گرنگ بزانن.
نزیكەی 320 گوند لە سنووری پارێزگەی دهۆك چۆڵ كراون و مەترسی لەسەر گوندی تریش هەیە
فەهیم عەبدوڵا حەمۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، لەسەر هەموو ئاستەكان دەنگ لە دژی بوونی پەكەكە لە سنوورەكانی هەرێم بەرز كراوەتەوە، لە باڵاترین دەسەڵاتی هەرێمەوە تا دەگاتە حكوومەتی عێراق و دەنگی میلەتیش، بەڵام بەداخەوە پەكەكە تا دێ هەوڵی زیاتر پەلكێشكردنی توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم و دروستكردنی كێشە دەدات، ژمارەیەكی زۆر گوندی وا لێ كردووە چۆڵ بكرێت و ژیانی لێ نەمینێ و نەتوانرێت ئاوەدان بكرێتەوە.

زیاتر گوتی، بەوهۆیەوە گوندێكی زۆر لە سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر چۆڵ كراون، ژمارەی گوندەكان گەلێك زۆرە و ئێستەیش زیاتر پێویستمان بەو گوندانە هەیە و خەڵكەكەی بێ شوێنن و دەرفەتی كاریان نییە و پێویستیان بەوە هەیە جارێكی تر بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و دەست بە ژیانی خۆیان بكەنەوە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك ئاماژەی كرد، ئەمڕۆ دوایین پەیامی سەرۆكی حكوومەت لە زاخۆ درایە پەكەكە، كە لەو سنوورە گوندێكی زۆر چۆڵ كراون، لە باتیفا و دەركار هەتا كانی ماسی و چەمانك و دێرەلوك و شێلادزێ هەموو گوندەكان چۆڵ كراون، كە نزیكەی 320 گوند دەبن لە سنووری پارێزگەی دهۆك ، بۆیە مەترسی لەسەر گوندی تریش هەیە، چونكە ئەو ناوچانە زۆر جار دەبنە گۆڕەپانی شەڕ و گرنگە چیتر پەكەكە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەكات.

دهۆك/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل