حكوومەت 50 قوتابخانەی دروست كردووە

:: AM:10:03:27/09/2021 ‌
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، دەستی ئاوەدانی بەردەوام دەبێت و كابینەی نۆی حكوومەت، 50 قوتابخانەی دروست كردووە و 600 قوتابخانەشی نۆژەن كردووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی ئەیلوول، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان، لەكاتی كردنەوەی قوتابخانەیەكی 18 پۆلی لە شارەدێی دارەتوو، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، تەنگژەی دارایی بەردەوامی هەیە، بەڵام توانیومانە لەو ماوەیەدا 50 قوتابخانەی نوێ دروست بكەین و زیاتر لە 600 قوتابخانەش نۆژەن بكەینەوە.

وەزیری پەروەردە گوتی، ئێمە بۆ دروستكردنی قوتابخانە و پێشبردنی كەرتی پەروەردە بەردەوامین، ئێستە بودجە بۆ دروستكردنی سێ قوتابخانەی نوێ لە هەولێر، قوتابخانەیەك لە چەمچەماڵ و قوتابخانەیەكی تریش لە سلێمانی تەرخان كراوە.

باسی لەوەش كرد، كاروانی ئاوەدانی بەردەوامە و چەندان قوتابخانە لە كاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نۆژەن كراونەتەوە، هەروەها دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان بۆ خزمەتی كەرتی پەروەردە بەردەوام دەبێت.

ئەو گوتانەی وەزیری پەروەردی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە، ئێستە حكوومەت لە دروستكردن و ئاوەدانكردنەوەی سەرجەم سێكتەرەكان بەردەوامە، چەندان ڕێی گرنگ لە دروستكردندان و كەرتی كارەبایش پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە.



وشە - رامیار جەواد