مەسروور بارزانی: بە ئیرادەیەكی بەهێز قەیرانەكانمان تێپەڕاند

:: AM:11:44:27/09/2021 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەكاتی كردنەوەی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران ڕای گەیاند، بە ئیرادەیەكی بەهێز قەیرانەكانمان تێپەڕاند، بۆیە داوا لە وەبەرهێنەرە ناوخۆییەكان دەكەم كار لە پڕۆژە كشتوكاڵییەكان بكەن و وەبەرهێنانی تێدا بكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی ئەیلوول، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەكاتی كردنەوەی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران ڕای گەیاند، كەمتر لە ساڵێك لێرە بەردی بناغەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیارانمان دانا، بە سوپاسەوە كۆمپانیای خۆشناو دەستی كرد بە دروستكردنی ئەم پڕۆژە گەورە ستراتیجییە. 

سەرۆكی حكوومەت گوتی، لە خوا بەزیاد بێت كەمتر لە ساڵێك، ئێستە ئێمە لێرەین بۆ كردنەوەی ئەم پڕۆژەیە كە بە ئەنجام گەیشت. جێی دەستخۆشییە لە ماوەیەكی كەم و خێرادا، بەتایبەتیش لەم بارودۆخە ناهەموارەی كە رووبەڕووی چەندان قەیرانی ئابووری و تەندروستیش بووینەوە، توانییان ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بكەن.

باسی لەوەش كرد، جێی دەستخۆشییە و بە هەقیقەت مرۆڤ دڵی خۆش دەبێت كە دەبینێت بەڵێنەكان بەجێ دەگەیەنرێن و ئەنجامی پڕۆژەكان دەردەكەون، هەموویان لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا دەكەونە كار.


باسی لەوەش كرد، ئەم پڕۆژە ستراتیجییە یارمەتیدەرێكی یەكجار گەورەیە بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستاندا. توانای وەرگرتنی بەرهەمی جووتیارانیان هەیە و چەندان جار پێشتریش باسمان كردووە كە جووتیاران چیتر نابێت خەمی ساغكردنەوەی بەروبوومی خۆیان هەبێت. 

"ئەمە یەكێكە لەو پڕۆژانەی كە لە پارێزگاكانی تریشدا پڕۆژەی هاوشێوە لە باری ئەنجامداندان و هەندێكیان دەستیان پێ كردووە. هیوادارین ئەوانیش زوو تەواو ببن بۆ ئەوەی هەموو ئەو پڕۆژانە بكەونە خزمەتی جووتیارانمان"، سەرۆكی حكوومەت وای گوت.

سەرۆكی حكوومەت گوتی، لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە بۆ ئەوەی بەروبوومی جووتیارانمان زیاد بكات و خێر و بەرەكەتیان پێ ببەخشێت.

لە وتارەكەی سەرۆكی حكوومەت ڕای گەیاند، ئەم جۆرە پڕۆژانە لە سایلۆ و كۆگا و چەندان كارگە پێكهاتوون، دەتوانن بەروبوومی جووتیاران و بەرهەمەكانی گەنم و دانەوێڵەكان بكەنە خۆراك و جارێكی تر بیگەڕێنەوە بۆ بازاڕ بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویست. ئەمە خۆی لە خۆیدا دەتوانێت هەلی كار لە چەندان بواری تری بازرگانی و پیشەسازیشدا فەراهەم بكات. داوا لە وەبەرهێنەرە خۆشەویستەكانی كوردستان دەكەم، بیر لەوە بكەنەوە وەبەرهێنانەكانیان لە كوردستان فراوانتر بكەن، بە تایبەتی لە كەرتی كشتوكاڵیدا كە كەرتێكی زۆر گرنگ و سەرەكییە بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان، تا بتوانین لەسەر پێی خۆمان بوەستین، بەڵێنی پێشتری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بووە، تەنیا پشت بە سەرچاوەیەكی داهات نەبەستین.


سەرۆكی حكوومەت گوتی، ئێمە خاكێكی بەپیتمان هەیە، دەتوانین زۆرترین سوود لەو خاكە وەربگرین ئەگەر بڕیار و بەرنامەی بەجێ و دروستمان هەبێت. وەك باسم كرد، كاتێكی ناخۆش و دۆخێكی ناهەموارمان بەڕێ كرد، بەڵام ئەگەر مرۆڤ توانای بیركردنەوەیەكی دروستی هەبێت و ئیرادەیەكی بەهێزی هەبێت، دەتوانێ لەم قۆناغانەشدا بەرهەمی هەبێت.

ئاشكرای كرد، جگە لەوەی ئەو پڕۆژانە دەتوانن پێداویستییەكانی خەڵكی كوردستان دابین بكەن، ئاواتەخوازین بتوانین بەروبووم و بەرهەمەكانی ناوخۆی كوردستان هەناردەی دەرەوەش بكەین، لەسەر ئەمەش لەگەڵ چەندان وڵات لە گفتوگۆداین تا بازاڕی دەرەوە بە ڕووی بەروبوومی ناوخۆی كوردستان بكرێنەوە، هەروەها جێی دڵخۆشییە كە دەبینین حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە بەڵێنی خزمەتگوزاری بە خەڵكی كوردستان داوە و ئێستە ئەو بەڵێنانە دێنە دی و بەرهەمەكانی دەبینین. خۆشە مرۆڤ بەڵێنێك بدات و جێبەجێشی بكات.

سەرۆكی حكوومەت ڕای گەیاند، ئەمە دەستپێكی بووژانەوەی ئابووریی كوردستانە، چەندان پڕۆژەی گەورە هەیە لە چەندان شار و شارۆكەی كوردستان كە ئومێدەخوازین ئەوانەش لە كاتێكی زوودا بتوانین جێبەجێیان بكەین. ئامانجی ئێمە تەنیا ئەوە نەبووە كە كەرتێك یان لایەنێك یان چینێك یان توێژێك سوودمەند بێت لە ئابووریی كوردستان، ویستوومانە ژێرخانێكی بەهێزی ئابووری بۆ كوردستان دروست بكەین، تا نەوەی داهاتوو بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت، ئێمە بتوانین بە دروستكردنی ئەم ژێرخانە ئابوورییە، بژێویی ژیانی خەڵك و ستانداردی ژیانی خەڵكی كوردستان بۆ ئاستێكی بەرزتر ببەین. هیوادارم لەم ئەركەدا خوا دەرفەتمان پێ بدات و بتوانین سەركەوتوو بین.


لە بەشێكی وتارەكەی سەرۆكی حكوومەت گوتی، لێرە بە دەرفەتی دەزانم ڕووم لە هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان بكەم، چونكە بەرەو قۆناغی هەڵبژاردن دەڕۆین، ئەو هەڵبژاردنانە بۆ ئێمە چارەنووسسازن، چونكە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە. ئەو نوێنەرانەی لە كوردستانەوە هەڵیاندەبژێرین، پێویستە داكۆكیكار و بەرگریكاری مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بن. پێویستیمان بەوەیە ئەو مافە پێشێلكراوانەی لەسەر ئاستی حكوومەتی فیدراڵیدا تا ئێستە جێبەجێ نەكراون، ئێمە ئەو نوێنەرانە بنێرینە ئەوێ بۆ ئەوەی بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.

"داوامان وایە ئەو كەسانە هەڵبژێردرێن كە بتوانن لەوێ هەموو ئەو مافانە چ باسی ناوچە دابڕاوەكان بێت، چ بابەتی بودجە و پێشمەرگە و قەرەبووكردنەوەی ئەنفالكراوان بێت، هەموو ئەو مافانە لەوێ داكۆكییان لێ بكەن و هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو مافانە بۆ خاوەن مافەكان كە خەڵكی هەرێمی كوردستانن بدەن، هەروەها داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكەم، بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنانە پاك و بێگەرد بن و دوور بن لە یەكترشكاندن و پەلاماردانی یەكتر، پێویستە هەموومان پێكەوە داوای مافەكانمان لە پەرلەمانی عێراق بكەین. ئەو كەسانەی دەچنە ئەوێ، لە ئەنجامدا هەموویان وەك نوێنەرانی خەڵكی  كوردستان پێكەوە بتوانن ئیش بكەن، تا زیاتر كاریگەر بن لەسەر دەستەبەركردنی ئەو مافانە". مەسروور بارزانی وای گوت.

لە بەشێكی وتارەكەی ڕوونی كردەوە، پەلاماردانی یەكتر و یەكترشكاندن بە هیچ شێوەیەك خزمەتی ئەو ئامانجانە ناكات. هیوادارم سەیری ناوەڕۆكی كەمپەینی هەڵبژاردنی لایەنەكان بكەن، ئەو بانگەوازانەی لە ئێستەوە دەدرێن، زۆر بە وردی گوێیان لێ بگرن، ئەوانەی داوای یەكڕیزی و بەرگریكردن لە مافی خەڵكی كوردستان دەكەن، یانیش بە پەلاماردانی لایەنێكی تر، پێیان وایە دەتوانن زیاتر دەنگ وەربگرن، پێویستە خەڵكی كوردستان خۆیان حەكەم بن و وریابن لەوەی ئەم هەڵبژاردنە جارێكی تر دەڵێم بۆ پەرلەمانی عێراقە، ئێمە پێویستیمان بە خەڵكی بەتوانایە بۆ ئەوەی بتوانێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكات.

سەرۆكی حكوومەت باسی لەوەش كرد، گوێ لە ناوەڕۆكی بانگەوازەكان بگرن و بەراوردی بكەن لەگەڵ بەڵێنەكان، ئایا ئەو قسانەی دەگوترێ و پێشتر گوتراون، جێبەجێ كراون یانیش ئەو لایەنە توانای جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی هەیە یان نا؟. لێرەوە بە دڵنیاییەوە دەتوانم پێتان بڵێم كە ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵێكمان داوە كە بەرگریكاری سەرسەختی مافەكانی خەڵكی كوردستان بین، بەڵام پێویستیمان بە پشتیوانیی نوێنەرەكانیشمان هەیە لە بەغدا كە بتوانن هاوكار و پاڵپشت بن لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو مافانە دەستەبەر بكەن كە تا ئێستە نەهاتوونەتە دی.


 


وشە - رامیار جەواد