بازرگانانی سلێمانی بۆ هاوردەكردن روو لە مەرزە بازرگانییەكانی عێراق دەكەن

:: AM:11:56:27/09/2021 ‌
بەشێك لە بازرگانانی مەرزی پەروێزخان و باشماخ، روویان لە مەرزەكانی عێراق كردووە و لەوێوە هاوردەی كەلوپەلەكانیان دەكەن، بەهۆیەوە رێژەی بازرگانی لەو دوو مەرزەی سلێمانی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.

ئەمڕۆ دووشەم 27ی ئەیلوول، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بەشێك لە بازرگانانی مەرزی پەروێزخان و باشماخ، كارەكانیان بۆ مەرزەكانی عێراق گواستووەتەوە و ئێستە لەوێوە كەلوپەل دەهێننە ناوەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەو مەرزانەی عێراق هیچ پشكنین و كۆنترۆڵ و مەرج و رێنوێنییان نییە.

وەك زیاتر خستیەڕوو، ئەو دەروازانەی حكوومەتی عێراقی كۆنترۆڵیان كەمە، ئەو شتومەكانەی كە لەو مەرزانەوە دێن، پێوەست نین بە یاسا و رێنوێنییەكانەوە، ئەوەش وایكردووە بازرگانانی هەرێم روو بكەنە ئەوێ و بازرگانی لەو مەرزانە كەم بێتەوە.

پێشتر لە مەرزی پەروێزخان و باشماخەوە هاوردە دەكران


بەڕێوەبەری گشیتی گومرگی هەرێم ئەوەشی گوت، ئەمە تەنیا بۆ ئەو هاوردە و كەلوپەلانەیە كە لە ئێرانەوە هاوردەی دەكەن، واتە پێشتر لە مەرزی پەروێزخان و باشماخەوە هاوردە دەكران، ئێستە گواستوویانەتەوە بۆ مەرزەكانی عێراق، بەمەش بە رێژەی 40% ئاستی بازرگانی لە پەروێزخان بە تایبەتی و دواتر باشماخ كەمی كردووە، داهاتی گومرگیش بەراورد بە مانگی رابردوو كەم بووەتەوە.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، لەو مەرزانەی عێراقەوە هاوردەكاران و بازرگانان هاوكاری زۆر گەورە دەكرێن، مەرزەكانیش ئەو خزمەتگوزارییەیان تێدا نییە كە لە مەرزەكانی هەرێم بوونی هەیە، بازرگانانیش كە تەنیا بەرژەوەندیی خۆیان مەبەستە، روویان لەو مەرزانەی عێراق كردووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان