بە بەهای 35 ملیار دینار دروستكردنی بەنداو لە جێبەجێكردندایە

:: PM:01:04:27/09/2021 ‌
وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، گرنگیدانی حكوومەت بە كارەبا و ئاو و ئاسایشی خۆراك بەردەوامە، لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا ژمارەیەك بەنداو بە بەهای 35 ملیار دینار تەواو دەبن.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی ئەیلوول، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەكاتی كردنەوەی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران ڕای گەیاند، لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا ژمارەیەك بەنداوی ستراتیجی بە بەهای 35 ملیار دینار، تەواو دەكرێن كە ئێستە كاریان تێدا دەكرێت.

وەزیری پلاندانان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە شار و شارۆكەكان، گرنگییەكی تایبەتیشی بە كەرتەكانی كارەبا، كشتوكاڵ و ئاسایشی خۆراك داوە و بەردەوامیش دەبێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو پڕۆژانە بەردەوام دەبن و لە ماوەی داهاتوودا پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجە بۆ بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران دەست بە دروستكردنی دەكرێت، بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە هەڵەبجە، لە چوار پارێزگاكەی كوردستان پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران پێشچوونی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت كە ئەو سایلۆیەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی ستراتیجی حكوومەتە.

ڕوونی كردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران و كەرتی تایبەت لە دروستكردنی ئەو پڕۆژە ستراتیجییەدا هاوكار بوون، هەروەها پڕۆژەی ترمان دەبێت كە خۆبژێوی و سەربەخۆیی لە بواری كشتوكاڵ، كارەبا و كەرتەكانی تردا، خزمەتێكی بەرچاو بە داهاتوی هەرێمی كوردستان دەكەن.



وشە - رامیار جەواد