مەلا بەختیار: دوای هەشتی تەمووز دزی و گەندەڵی و چاودێریكردنی نایاسایی ناو یەكێتی ئاشكرابوو

:: PM:01:40:27/09/2021 ‌
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ڕای دەگەیەنێت، دوای ڕووداوەكانی هەشتی تەمووز، دزی، گەندەڵی، شكستی سیاسەتی یەكێتی، چاودێریكردنی نایاسایی، ئەوەی لەژێر بەڕەی هەموو ژوورەكانی یەكێتی بوو، یەكێتییەكان خستیانە سەر بەڕە.

ئەمڕۆ 27ـی ئەیلوول، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لە نووسینێكیدا دەڵێت، لە هەشتی تەمووزەوە، ئەوەی لەژێر بەڕەی هەموو ژوورەكانی یەكێتی بوو، یەكێتییەكان خستیانە سەر بەڕە. لە دزی، گەندەڵی، شكستی سیاسەتی یەكێتی، چاودێریكردنی نایاسایی كادر و ئۆرگانەكانی یەكێتی، ناكارامەیی هەندێك لە سەركردە و بەرپرسەكان، بەكارهێنانی هێز بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی، لە لووتكە هەڵدێراندنی هاوسەرۆكێك.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ڕوونی كردووەتەوە، ئەو دروشمە زەقەی بە ناوی نوێبوونەوە بەرز كرایەوە، نەك یەكێتی نوێ نەكرایەوە، بەڵكو نائومێدییەكی ڕەها و بێ متمانەییەكی ڕەهاو پێشێلكردنی ڕەهای پرەنسیپەكانی حزبایەتی، شلكردنی جڵەوی هەلپەرستی و مشەخۆری ڕەها، لە ناو یەكێتی و لە پەنای دروشمی نوێبوونەوەدا سەری هەڵدا. نەك كێشە كۆنەكان كە پێش چوارەمین كۆنگرە لەناو یەكێتی و لە دەرەوەی یەكێتی و لایەنەكاندا هەبوون چارەسەر نەكران، بەڵكو كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، گەیەنرانە بنبەستێكی ترسناكی ئەوتۆ، پاشماوەی ڕێز و خۆشەویستی یەكێتی لەناو خەڵكدا لاوازتر كرا، بەتایبەتی لەناو بازاڕ و مووچەخۆر و پێوەندییە نیشتمانی و نێونەتەوەییەكاندا.

باسی لەوەش كردووە، دوو هەفتە كەمتر بۆ هەڵبژاردن ماوە، دوای بڵاوكردنەوەی ئەو هەموو تاوان و تاڵانییەی یەكێتی بەڕەسمی بڵاوی كراونەتەوە، ئایە سەركردایەتیی ئێستەی یەكێتی و لیژنەی باڵای هەڵبژاردن، دەزانن لەناو هەستی یەكێتییەكان و دەنگدەرانی یەكێتیدا چ برینێكی دەروونیی قووڵیان خوڵقاندووە؟ برینەكە زۆر لەوە قووڵترە لەكاتی جیابوونەوەی گۆڕان لەژێر كاریگەری پڕوپاگەندەكانی گۆڕان، یەكێتی 18 كورسی و گۆڕان 25 كورسییان هێنا.

لە بەشێكی وتارەكەی مەلا بەختیاردا هاتووە، من دڵنیام ئەگەر یەكێتی ئەو ڕەخنانە لە خۆی نەگرێ و خەڵك دڵنیا نەكات كە یەكێتی لە دوای هەڵبژاردن، هەم لەناو خەڵك و هەم لەناو حكوومەتدا بە كردەوە بەرنامەی چاكسازی و پاكسازی و عەقڵسازی جێبەجێ دەكات، من دڵنیام یەكێتی چارەنووسێكی خراپتر چاوەڕوانیەتی.

لە كۆتایی وتارەكەیدا دەڵێت، ئەم قسانەم بۆ مێژوو دەكەم، بە دڵنیاییەوە دوو هەفتەی تر ڕووبەڕووی یەكتر دەبینەوە، ئەوكاتە ئیتر هەڵوێستەكان گۆڕانكارییان بەسەر دێت.



وشە - رامیار جەواد