ئێران و سعوودیە بە نهێنی لە عێراق كۆبوونەوەتەوە

:: PM:08:59:27/09/2021 ‌

رۆژنامەیەكی بەریتانی لە بەرپرسێكی عێراقی گواستەوە كە هەفتەی رابردوو گەڕێكی تری گفتوگۆی راستەوخۆ بە نهێنی لە نێوان ئێران و سعوودیە لە بەغدا بەڕێوە چووە، كە یەكەم دیداری شاندی هەردوو وڵاتە لەدوای هاتنی ئیبراهیم رەئیسی بۆ دەسەڵات لە ئێران.
ئەنجامی كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە
رۆژنامەی "ئیندیپێندنت"ی بەریتانی لە بەرپرسێكی عێراقی گواستووەتەوە كە لەو كۆبوونەوەی هەفتەی رابردوو هاتە سازكردن، باسی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو وڵات كراوە، بەپێی نەخشەرێگەیەك كە پێشتر لەسەری رێككەوتوون، لەوانەیش نوێنەرایەتی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات، كۆبوونەوەكە لەسەر ئاستی وەزیران نەبووە، بەڵام ئەنجامەكانی ئەرێنی بووە. 

روونی كردەوە، لە ماوەی دواییدا عێراق رۆڵی ناوەندگیری لە نێوان هەردوو وڵات بینی، چونكە ئەو دوو وڵاتە نوێنەرایەتی دوو جەمسەری نەیار لە ناوچەكە دەكەن و زۆرجار ململانێی نێوانیان كاریگەری كردووەتە سەر دۆخی عێراق. 

شایەنی باسە مانگی رابردوو بەغدا مێوانداریی كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی كرد بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و ئێران، بە مەبەستی سووككردنی ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كۆبوونەوەی هەفتەی رابردوویش یەكەم كۆبوونەوە لە سەردەمی سەرۆكی نوێی ئێران كە سەر بە پارێزگارەكانە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل