چەند لایەنێك خۆیان بە گەورەیی پارتی دەپێون

:: AM:09:31:28/09/2021 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی ڕای دەگەیەنێت، چەند لایەنێك بچووكیی خۆیان بە پارتی دەپێون، دەیانەوێ بەو شێوەیە چەند دەنگێكی لێ بەدەست بهێنن.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی ئەیلوول، ڕێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ ئەم هەڵبژاردنە خەڵك و كەس و لایەن هەیە لەو بانگەشەیەدا، بچووكیی خۆیان بە گەورەیی پارتی دەپێون، بەو شێوەیە دەیانەوێ چەند دەنگێكی لێ بەدەست بهێنن.

ئەوە حزبی میمۆری و ڤیدیۆكلیپی بەرپرسانیان و سكانداڵ و فەزیحە و خەریكی حەیابەرەی خۆیانن
ئەندامەكەی پەرلەمان گوتی، با ئەو حزب و لایەنانە بچن باسی بچووكیی خۆیان بكەن، بەڵكو دەنگدەرانیان بەزەییان پێ بكەن، با نەچن باسی گەورەیی حزبێك بكەن نەك دەنگدەرانیان زەلیلیان بكەن.

باسی لەوەش كرد، پارتی هێزی یەكەم و بێ ڕكابەرە، هێزی حوكمڕان و بناغەی دەوڵەتدارییە لە هەرێمی كوردستاندا، هەموو لایەك دەزانن هێز و دانەری بنچینەی دیموكراسییە و داكۆكیكاریەتی، هەروەها ئەو حزبانەی ركابەری دەكەن، ئەوە حزبی میمۆری و ڤیدیۆكلیپی بەرپرسانیان و سكانداڵ و فەزیحە و خەریكی حەیابەرەی خۆیانن.

ڕوونی كردەوە، ئەوانەی باس لە پارتی دەكەن، حزبی فەیسـبووك و سۆشیال میدیان، نەك سۆشیال دیموكرات. ئێمە بە هێمنی بانگەشەی خۆمان دەكەین و گوێی بە هاشوهوشتان نادەین، باوەڕمان بە مەدەنییەتە، نەك وەك ئێوە چاو سوور بكەینەوە و حزبی عەیبوعار بین.



وشە - رامیار جەواد