وەزیری تەندروستی: ئامانجمانە زۆرترین هاووڵاتی ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن

:: AM:10:06:28/09/2021 ‌

وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئامانجمانە زۆرترین هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان، ڤاكسین وەربگرن بۆ ئەوەی هەموومان سەلامەت بین.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی ئەیلوول، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئێستە هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە زۆرترین هاووڵاتی ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن و تەندروست بن.

وەزیری تەندروستی گوتی، لە ڕابردوودا لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، هەرێم ئامانجی یەكەمی خۆی بۆ ئەنجامدانی زۆرترین پشكنین و دیاریكردنی تووشبووان چڕ كردبووەوە، بەڵام ئێستە ئامانجمانە زۆرترین كەس ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەت خزمەتگوزاریی تەندروستی هاوسەنگ دەگەیەنێتە سەرجەم ناوچەكان.

ڕوونی كردەوە، لە قۆناغی داهاتوودا وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم، ئامانجیەتی زۆرترین ژمارەی هاووڵاتی ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەی سەنتەرەكانی وەرگرتنی ڤاكسین زیاد دەكرێن.

باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ بنكەی تەندروستی ئازادی دوای نۆژەنكردنەوەی، دووبارە دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان، بوونی بنكە تەندروستییەكان ئاسانكارییەكی زۆرباشە لەناو گەڕەك و ناوچەكاندا، بەتایبەت لەم بنكەیەدا رۆژانە 300 كەس لە خزمەتگوزاریی تەندروستی سوودمەند دەبن.


 



وشە - رامیار جەواد