نرخی نەوت گەیشتە 80 دۆلار و پێشبینی دەكرێ تا 90 دۆلار بەرز ببێتەوە

:: AM:10:07:28/09/2021 ‌
نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوە بەردەوامە، بەرزبوونەوەی داخوازی لەسەر نەوت دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی زریانەكانی ئەمدواییەی ئەمەریكا، بە گرنگترین هۆكار هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی dailyfx  نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت ئێستە بە 80 دۆلار و 60 سەنت دەفرۆشرێت، لە چەند سەعاتی رابردوودا زیاتر لە دۆلارێك لە نرخەكەی هەڵكشاوە.

جگە لە ئەمڕۆ سێشەم، دوێنێ دووشەم لە یەكەم رۆژی هەفتەبازاڕی بۆرسەش ژمارەی پێوانەیی سێ ساڵی رابردووی شكاندبوو


نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە هەڵكشان كردووە، جگە لە ئەمڕۆ سێشەم، دوێنێ دووشەم لە یەكەم رۆژی هەفتەبازاڕی بۆرسەش ژمارەی پێوانەیی سێ ساڵی رابردووی شكاندبوو، هەفتەی رابردووش نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشابوو.

هەر ئێستە نرخی نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش بە 76 دۆلار و 53 سەنت دەفرۆشرێت. ئەم جۆرە نەوتە ساڵی رابردوو بۆ سفر دۆلار دابەزیبوو.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ كەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی كۆگاكراو لای وڵاتانی دنیا دەگەڕێتەوە. بەهۆی ئەوەی كە لە ئەمەریكا دوای روودانی زریان، بەرهەمهێنانی نەوت لە چەندان ویلایەت پەكی كەوت. كۆمپانیاكان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان سوودیان لە نەوتی كۆگاكراو وەرگرت. لە چینیش كە یەكێكە لە بەكاربەرە سەرەكییەكانی نەوت، كۆمپانیاكان بە ناچاری سوودیان لە نەوتی كۆگاكراو وەرگرت.

قەبارەی بەكاربردنی نەوت بۆ پێش سەرهەڵدانی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە،

هاوكات رادیۆ فەدا بڵاوی كردەوە، بانكی گۆڵدمەن ساكسی ئەمەریكا پێشبینی كردووە، نرخی نەوت تا 90 دۆلار بەرز ببێتەوە. چاودێرانی بازاڕی نەوت پێیان وایە تا سەرەتای ساڵی داهاتوو، قەبارەی بەكاربردنی نەوت بۆ پێش سەرهەڵدانی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە، ئەوەش بەو واتایەیە كە نرخی نەوت زیاتر بەرز ببێتەوە، چونكە ئەوەی بەرهەم دێت بەشی پێداویستییەكانی بازاڕ ناكات.

لە ساڵی 2019دا بەر لە سەرهەڵدانی كۆرۆنا، قەبارەی نەوتی بەكارهێنراوی دنیا لە رۆژێكدا 99 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل بوو، بەڵام ساڵی رابردوو نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت لە قەبارەی بەكاربردن كەم بووەوە، بۆیە ئەوكات نرخی نەوت زۆر دابەزی. تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت لە ساڵی رابردوودا 42 دۆلار بوو، بەڵام ئەمساڵ نزیكەی دوو هێندە بەرز بووەتەوە، ئەمەش بە هەواڵێكی خۆش بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت هەژمار دەكرێت.

چەند رۆژێكە چین هانای بۆ فرۆشتنی نەوتی كۆگاكراو بردووە، بەگشتی لە دنیادا داخوازی لەسەر نەوت بەرز بووەتەوە. پەكخستنی بەشێك لە دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و كەمیی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت، لە ژێر كاریگەریی كۆرۆنا هۆكار بووە كە نەتوانرێ پێداویستییەكانی بازاڕ پڕ بكرێتەوە.

بەرهەمهێنانی نەوت پەكی كەوت و دیاریش نییە كەی ئاسایی دەبێتەوە.


ماوەی رابردوو لە كەنداوی مەكسیك كە یەكێك لە سەرچاوە هەرە گرنگەكانی دابینكردنی پێداویستیی نەوتە لە ئەمەریكا، بەرهەمهێنانی نەوت پەكی كەوت و دیاریش نییە كەی ئاسایی دەبێتەوە.

كەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی كۆگاكراو، راستەوخۆ كاریگەری هەیە بۆ سەر بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، پێشبینی دەكرێ ئەمە ماوەیەكی تریش بەردەوام بێت.

ساڵی رابردوو بەهۆی سەرهەڵدانی كۆرۆنا، نرخی نەوتی تێكساس بۆ خوارووی سفر دابەزی و كڕیاران لە بری كڕینی نەوت، پارەیەكیشیان وەردەگرت. هەر ئەوكات ئۆپێك پڵەس بڕیاری دا بەرهەمهێنان كەم بكاتەوە، بۆیە نرخی نەوت دووبارە بەرز بووەوە.

ئۆپێك پڵەس مانگی رابردوو بڕیاری دا، بەرهەمهێنانی نەوت قۆناغ بە قۆناغ بەرز بكاتەوە، سیاسەتەكانیشی تا كۆتایی ساڵی 2022 بەردەوام بێت.

یەك لەسەر سێی دانیشتووانی زەوی بە هەردوو ژەمی پێكوتەی كۆرۆنا كوتراون


یەك لەسەر سێی دانیشتووانی زەوی بە هەردوو ژەمی پێكوتەی كۆرۆنا كوتراون و رێكارەكانی كەرەنتینیش لە زۆربەی وڵاتان كۆتایی پێ هاتووە و ژیان خەریكە ئاسایی دەبێتەوە. ساڵی رابردوو زۆربەی دامەزراوەكانی پیشەسازی بە هۆی كۆرۆناوە، چالاكییەكانیان وەستاند و بەشێك لەوانە زیانێكی زۆریان بەركەوت و تەنانەت كرێكارەكانیان رەوانەی ماڵەوە كردەوە. وەك ئاشكرایە رێكارەكانی كەرەنتین جووڵەی ئۆتۆمبێلی لە شەقامەكان كەم كردەوە و كاتێكیش جووڵەی ئۆتۆمبێل كەم ببێتەوە، ئەوا بەنزینێكی ئەوتۆ بەكار نابرێت و پاڵاوگەكان نەوتی زیادە لە دەستیاندا مایەوە، داوایان لە دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی نەوت كرد چیتر نەوتیان بۆ نەنێرن، لێرەدا بوو زیانێكی زۆر بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت و ئەو وڵاتانەش كەوت كە لە ئابوورییاندا پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستن.

هەرێمی كوردستان لە داهاتەكەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ساڵی رابردوو هەرێمی كوردستان وەك پێویست نەیتوانی تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانی دابین بكات، بەڵام ئەمساڵ چەند مانگێكە جگە لەوەی كە مووچە مانگانە دابەش دەكرێت، لێبڕینەكەش نەماوە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری زیاتری بۆ سەر سووككردنی تەنگژەی دارایی دەبێت.


وشە - سلێمان تاشان