لە سلێمانی هەڕەشە لە گۆڕان و یەكێتی دەكرێ‌

:: PM:12:20:28/09/2021 ‌
ژمارەیەك كاندیدی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گردبوونەوە و ڕایان گەیاند، لەلایەن گۆڕان و یەكێتییەوە پێشێلكاری دەكرێ‌. كاندیدێكی سەربەخۆش ڕای گەیاند، تەنیا ماوە داوای زانیاریی كەلوپەلی ناو سەلاجە لە هاووڵاتییان بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی ئەیلوول، ژمارەیەك كاندیدی سەربەخۆی سنووری پارێزگای سلێمانی، گردبوونەوەیەكیان ڕێكخست و ڕایان گەیاند، لە فەرمانگە حكوومییەكاندا حزبی دەسەڵات فۆڕم بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەكات، داوایان لێ دەكات ئاشكرای بكەن كە دەنگ بە كام لایەن و كام كاندید دەدەن.

تەنیا ماوە بڵێن لەناو سەلاجەكەتان چی هەیە و ئەو كەلوپەلانە چین؟.
یەكێك لە كاندیدەكان بە میدیاكانی ڕاگەیاند، ئەو فۆڕمە تا ئێستە بەسەر فەرمانگەكانی ئاو، كارەبا، قوتابخانە و داودەزگاكانی تر دابەش كراوە، ئێمەش سكاڵامان نووسیوە و دەیدەینە كۆمیسیۆن.

ئەو كاندیدانە ئەوەشیان ڕوون كردەوە، هێندە گوشار لەسەر كاندید و هاووڵاتییانی سەربەخۆ و لایەنەكانی تر هەیە، تەنیا ماوە بڵێن لەناو سەلاجەكەتان چی هەیە و ئەو كەلوپەلانە چین؟.

ئەو كاندیدە سەربەخۆیانە ئەوەشیان دووپات كردەوە، پێویستە هاووڵاتییان دەنگەكانیان ئاشكرا نەكەن، ئەو پێشێلكارییەی هاوپەیمانی گۆڕان و یەكێتی لە كۆمسیۆن تۆمار دەكرێ‌، ئەگەری دوورخستنەوە و سزادانیشیان هەیە و بەڵگەش بۆ ئەو بابەتە هەیە.



وشە - رامیار جەواد