مەسروور بارزانی بۆ لاوان: لە پێناو داهاتوویەكی باشتردا وڵاتی خۆتان خۆش بوێت

:: PM:01:44:28/09/2021 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە یەكەمین دیداری تاون هۆڵ كە لە زانكۆی ئەمەریكی كوردستان لە دهۆك بەڕێوە چوو، وەڵامی پرسیاری لاوانی بەشداری دیدارەكەی‌ دایەوە.

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانی بەشداریكردنی لە دیداری تاون هۆڵ، راستەوخۆ وەڵامی پرسیاری ژمارەیەك گەنج و قوتابیی زانكۆكانی كوردستانی دایەوە، داوای لە گەنجان كرد لە پێناو داهاتوویەكی باشتردا، وڵاتی خۆیان خۆش بوێت.

سەرۆكی حكوومەت لە وەڵامی ئەو گەنجانەدا كە بەبێ جیاوازیی شوێنی جیۆگرافی و ئایدیۆلۆجیای سیاسی بەشدار بوون، گوتی وا سەیر مەكەن ئەم وڵاتە كەسێكی تر خاوەنیەتی، كەس خاوەنی ئەم وڵاتە نییە ئێوە نەبن، تاك بە تاكی هاووڵاتییان خاوەنی ئەم وڵاتەن.

لەبارەی مووچە و چاكسازیش سەرۆكی حكوومەت گوتی، من لە بەرپرسیاریەتی ناترسم، بە تاقی تەنیاش بم بەرپرسیاریەتی خۆم هەڵدەگرم، هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە زۆرترین داهات بگێڕینەوە بۆ هاووڵاتییان، هەروەها زۆربەی ئەو هێرشانەی دەكرێنە‌ سەر ئەم حكوومەتە،‌ سیاسین‌.

لە بەشێكی تری دیدارەكەیدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش رای گەیاند، ئەو سیاسییانەی كە دێن لەسەر بنەمای دروستكردنی رقوكینە و خراپكردنی لایەنێكی تر خۆیان نمایش دەكەن، بزانن كە ئەمانە هیچیان پێ نییە.

سەرۆكی حكوومەتی روونیشی كردەوە، ئەو كەسانەی دژی لایەنەكانی تر قسە دەكەن و دەڵێن فڵانە كەس هەڵەی كردووە، وەرن دەنگ بە من بدەن. پرسیار ئەوەیە باشە من بۆ دەنگ بە تۆ بدەم؟ بەڵكو تۆ لەو خراپتر بی، فەرموو پێم بڵێ چیی باشت پێیە؟.

سەرۆكی حكوومەت بە پێویستی دەزانێ كێبەركێ لەسەر ئەوە بكرێت كێ زیاتری پێ دەكرێ، كێ باشتری پێ دەكرێت و گوتی ئەوەش بە قسە ناكرێ، بۆیە هەندێكیان خۆیان لەم بابەتە دەدەنە لایەك، چونكە كە دێتە سەر كردار، هیچیان پێ نییە بیخەنەڕوو.

هەر لەو دیدارەدا چەندان پرس و بابەتی تری جیاواز گفتوگۆیان لەبارەیەوە كراوە، تەواوی دیدارەكە رۆژی پێنجشەمی داهاتوو سەعات نۆی شەو بە كاتی هەولێر، لە رێی سۆشیال میدیا بڵاو دەكرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد