نه‌خۆشیی "فێ" جۆره نه‌خۆشییه‌كه پێوه‌ندی به كۆئه‌ندامی ده‌ماره‌وه هه‌یه، له ئه‌نجامی زیادبوونی كاره‌بای مێشك كه وا ده‌كات توێكڵی مێشك زیاتر چالاك بێت، دروست ده‌بن. هه‌روه‌ها توێكڵی مێشك له ئاستی خۆی زیاتر كار بكات و ته‌زووی زیاتر به‌رهه‌م بهێنێت، ئه‌مه حاڵه‌تێك دروست ده‌كات پێی ده‌گوترێ ''فێ یان گه‌شكه''. به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌تی گه‌شكه‌یه تا چه‌ند مه‌ترسیداره؟.
له‌مباره‌یه‌وه د. عه‌بدولڕه‌حمان عه‌زیز ڕه‌سووڵ ڕاوێژكاری نه‌خۆشییه‌كانی مێشك و ده‌مار، بۆ ''وشه'' گوتی، هۆكاره‌كانی تووشبوون به فێ جیاوازه و به‌گوێره‌ی ته‌مه‌نه‌كانیش ده‌گۆڕێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێ به‌گوێره‌ی ته‌مه‌ن جیایان بكه‌ینه‌وه، له منداڵاندا بۆ ناته‌ندروستیی منداڵه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه وه‌ك ''ئیفلیجی ده‌ماغ و ناته‌ندروست له‌دایكبوونی منداڵه‌كه و هه‌وكردنی مێشك''، ئه‌مانه زیاتر دووچاری گه‌شكه ده‌بنه‌وه، جگه له‌وه له ته‌مه‌نی گه‌نجیدا پێوه‌ندی به بوونی ''گرێی سه‌ره‌وه هه‌یه له‌گه‌ڵیدا هه‌وكردنی مێشك''، به‌ڵام له ته‌مه‌نی گه‌وره‌دا جه‌ڵته‌ی ده‌ماغ سه‌ره‌كیترین هۆكاره بۆ فێ، واته دوای جه‌ڵته‌كه.
فێ بەگوێرەی حاڵەتی تووشبوون مەترسییەکەی دەگۆڕێت
له‌باره‌ی مه‌ترسیی فێوه گوتی، مه‌ترسیی فێیش به‌گوێره‌ی حاڵه‌ته‌كانی ده‌گۆڕێت، به نموونه كه‌سێك به‌ته‌نیا بێت و تووشی فێ بێت و به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا مه‌ترسی زۆری ده‌بێت بۆ سه‌ر كه‌سه‌كه و ئه‌گه‌ری مردنیشی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێكی لاو بوو ده‌توانێ له مه‌ترسییه‌كه رزگاری بێت، چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنیشی له‌گه‌ڵیدا، به‌شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر لایه‌كی جه‌سته‌ی پاڵی ده‌خه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وایه‌ی له ده‌میدا هه‌یه بێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاو به‌ده‌موچاوی دامه‌كه و له‌سه‌ر پشت پاڵی مه‌خه، چونكه ئه‌گه‌ری هه‌یه بخنكێت.
بۆیه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فێ مه‌ترسیداره و زیادبوونی مه‌ترسییه‌كه‌یشی به‌گوێره‌ی ته‌مه‌ن، حاڵه‌تی تووشبوون، كات و شوێن ده‌گۆڕێت. پزیشكان ئه‌وه‌یان گوتوه كه وه‌ك هه‌ر حاڵێتێكی تری نه‌خۆشی به‌گوێره‌ی هۆكاره‌كانی چاره‌سه‌ری بۆ ده‌كرێت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك حه‌ب و ده‌رمانی بۆ به‌كار ده‌هێنرێت و پزیشكی پسپۆڕ ڕێنوێنی ده‌كات.