باندێكی ساختەكار گیران

:: PM:02:22:28/09/2021 ‌
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، باندێكیان گرتووە سەرقاڵی دروستكردنی كارتی ڤاكسینی ساختە بوون، بەمنزیكانەیش وردەكاریی كارەكەیان ئاشكرا دەكرێ‌.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی ئەیلوول، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، باندێك لەسەر ساختەكردنی كارتی ڤاكسین گیراون و ئێستە لە ژێر لێكۆڵینەوەدان.   

وەزیری تەندروستی گوتی، ئەو گرتنە لەلایەن تیمەكانی ئاسایش بوو و سوپاسی تیمەكانی ئاسایش دەكەین كە هاوكارمان بوون، هەروەها لەبارەی كاری ئەو باندە لە داهاتوودا، هێزە تەناهییەكان وردەكارییەكەی بڵاو دەكەنەوە.   

باسی لەوەش كرد، بۆ دەرهێنانی كارتی ڤاكسین، پێویستە هاووڵاتییان تەنیا سەردانی بنكە تەندروستییەكان بكەن، ئەوانەش كارتیان بۆ دروست دەكرێت كە ناویان لە سیستمی ئەلیكترۆنیدا هەیە و دوو ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە، هەروەها هەر كەسێك ساختەكاری بكات و كارتی ڤاكسین ساختە بكات، لێی قبووڵ ناكەین.  

لە هەفتەی ڕابردووەوە بنكەكانی پێدانی ڤاكسین، دەستیان كردووە بە پێدانی كارتی ڤاكسین كە تێچووەكەی تەنیا پێنج هەزار دینارە، ماوەی وەرگرتنەوەكەشی یەك هەفتەیە، ئەو كەسە دەتوانێت لە خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان بەكاری بهێنێت و پشكنینی كۆرۆنا نەكات.



وشە - رامیار جەواد