نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە.. كاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان چییە؟

:: PM:07:27:28/09/2021 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكان لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە و شارەزایان پێشبینی دەكەن نرخەكەی لە ساڵێك یان دوو ساڵی داهاتوو بگەڕێتەوە ئاستی پێش سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، كە زیانێكی گەورەی لە كەرتی نەوت دا و پەكی خست، توێژەرێكی بواری نەوت باسی كاریگەری ئەو بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات.

رێبین فەتاح، توێژەر و شارەزا لە بواری نەوت بە "وشە"ی گوت، لە 2014ەوە تەنگژەیەكی ئابووری جیهانی دروست بوو و بە دابەزینی نرخی نەوت دەستی پێ كرد، لە كۆتایی 2019 جارێكی تر لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، كاریگەرییەكی گەورەی نەرێنی كرایە سەر بازاڕی نەوت و ئابووری دنیا، چونكە بەهۆی پەتاكەوە تەواوی جموجۆڵی ئابووری و پیشەسازی و هاتوچۆ و گەشتیاری و گواستنەوە پەكی كەوت، هاوكات لەگەڵ سەركەوتنی هەنگاوەكان لە رووبەڕووبوونەوەی پەتاكە و دۆزینەوەی ڤاكسینی خۆپارێزی، دنیا بەرەو ئاساییبوونەوەی رێژەیی هەنگاوی نا، وەك دەبینین جارێكی تر نرخی نەوت روو لە بەرزبوونەوەدایە.

زیاتر گوتی، رەنگە هەندێك هۆكاری تر هەبن كاریگەر بوونە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، لەوانە دابەزینی ئاستی نەوتی تەكساس و كەمكردنەوەی هەناردەی نەوت وەك ئەوەی ئۆپێك پڵەس، چونكە هەرچەند هەناردە كەم بێتەوە، نرخی لە بازاڕ زیاد دەكات، ئەگەر خستنەبازاڕ لە خوارەوەی خواست بێت، راستەوخۆ نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، بۆیە لە ساڵانی رابردوو و ئێستەیش، گۆڕانكاری خێرا روودەدەن، لە رووەكانی سیاسی و ئابووری و هیتریش، ئەو گۆڕانكاریانەیش وا دەكەن گۆڕانكاری لە نرخی نەوت دروست ببێت، بۆیەیش گرووپی ئۆپێك پلەس زوو زوو كۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەخێرایی وەڵامی گۆڕانكارییەكان بدەنەوە و خۆیانی لەگەڵ رابێنن.
كرانەوەی ئابووری و فراوانبوونی هەڵمەتی كوتان و ساردی زستان نرخی نەوت بەرزتر دەكەنەوە
"نرخی نەوت بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای ئەمساڵدا بە رێژەی 50% بەرز بووەتەوە یان زیاتر لەگەڵ ساڵی رابردوودا، بۆیە ئەو بەرزبوونەوە بۆ وڵاتانی پشت بەستوو بە نەوت وەك سەرچاوەی داهات، كاریگەرییەكی گەورە لە ئابووریان دەكات، لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش كاریگەری دەبێت، بودجەی عێراق بە رێژەیەكی گەورە كورتهێنانی تیادایە، بۆیە هەوڵ دەدرێت سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وەربگیرێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە، كە پێشتر هەوڵ دراوە بە قەرز پڕ بكرێتەوە، ئێستە لە رێگەی زیادبوونی نرخی نەوت پڕ بكرێتەوە و قەرزەكانی پێ بدرێتەوە، دوای ئەوە كاریگەری بۆ سەر ژیان و بژێوی خەڵك دەبێت، بۆیە ئەو بەرزبوونەوە كاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستان دەبێت"، رێبین فەتاح وای گوت.

گریگ هیل، سەرۆكی گرووپی "هیس"ی ئەمەریكی بۆ نەوت و گاز دەڵێت، پێشبینی دەكەین لە كۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای 2022، داواكاریی جیهانی لەسەر نەوت بۆ ئاستی پێش سەرهەڵدانی پەتای كۆرنا بگەڕێتەوە كە رۆژانە 100 ملیۆن بەرمیل نەوت بوو، لەوكاتەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشبینی دەكات لە چوارەكی چوارەمی ئەمساڵدا نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەكی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، ئەوەیش لەسەر بنەمای زیادبوونی خواست و فرەوانبوونی هەڵمەتەكانی كوتان و ئاساییبوونەوەی ژیان.

ئەو ئاژانسە پێشبینی دەكات ناوەندی داواكاری لەسەر نەوت لە دنیا لە 2021 بگاتە ئاستی 96.1 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە و 99.4 ملیۆن بەرمیل لە 2022، بۆیە پێشبینی هەیە داواكاری لە چوارەم چوارەكی ئەمساڵ بگاتە ئاستی 99.70 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

لای خۆیەوە رێكخراوی ئۆپێك رای گەیاند كە لە ساڵانی داهاتوو خواست لەسەر نەوت زۆر زیاد دەكات، بەهۆی چاكبوونەوەی ئابووری دنیا لە پەتای كۆرۆناوە، هاوكات دنیا پێویستی بە وەبەرهێنانە لە بواری بەرهەمهێنانی نەوت بۆ رێگرتن لە دروستبوونی تەنگژە بەهۆی زیادبوونی خواست و كەمبوونەوەی خستنەڕووەوە. رێكخراوەكە رای گەیاند كە بەكارهێنانی نەوت لە 2023 بە قەبارەی 1.7 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە زیاد دەكات و دەگاتە 101.6 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی، بەوەیش ئاستی خواست دەگاتە سەرووی ئاستەكەی پێش سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا لە 2019.

بەهۆی ئەو چاكبوونەوەی بازاڕی نەوت، گرووپی ئۆپێك پلەس كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانەی لەسەر بەرهەمهێنەرانیان سەپاند بۆ پاراستنی نرخی نەوت لە دنیا لە سایەی ئەو تەنگژەی بووە هۆی كەمبوونەوەی نرخەكەی، بەڵام ئاماژە هەیە بەشێك لە بەرهەمهێنەرانی نەوت ناتوانن ئاستی بەرهەمهێنان زیاد بكەن بەهۆی كەمی وەبە رهێنانیان لەو كەرتە و ئەویش وای كردووە نرخی نەوت زیاتر بكات.

شارەزا و شیكارانی بانكی گۆڵدمان ساكس، ئاماژە دەكەن كە ئەگەر نییە نرخی نەوت لە ماوەی كەمی داهاتوو روو لە دابەزین بكاتەوە، چونكە خواست جارێكی تر بەرز دەبێتەوە، زیاتر لەوەی پێشبینی دەكرێت، ئەوەیش بەهۆی كرانەوەی ئابووری وڵاتانی تر و سووككردنی كۆتەكان بەهۆی سەركەوتنی هەڵمەتەكانی كوتان لە دژی كۆرۆنا، بۆیە زیادبوونی خواست دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخی نەوت تا ئاستی 10 دۆلاری تر و نرخی بەرمیلێك بگاتە 90 دۆلار، ئەگەر زستانی داهاتوو ساردتر بێت لە ئاسایی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل