كەربەلا.. حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە

:: PM:09:16:28/09/2021 ‌

ركابەری و یاساشكێنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە تەواوی ناوچەكانی عێراق، بە بەغدای پایەتەختیشەوە بەردەوامە، ئەمشەو رووبەڕووبوونەوە لە نێوان حەشدی شەعبی و هێزە تەناهییەكانی عێراق لە شاری كەبەلا رووی دا.

زانیارییەكان لەبارەی رووداوەكە جیاوازن، لەوانە سەرچاوەیەك ئاماژەی كرد كە ئۆتۆمبێلێكی سەر بە حەشدی شەعبی لە خاڵێكی تەناهی هێزەكانی عێراق نەوەستاوە، ئەوەیش وای كردووە هێزە تەناهییەكانی عێراق تەقەی هەوایی بكەن و ناچاری وەستانی بكەن.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، ئێستە دۆخی شارەكە جێگیرە و رووداوەكە لێكەوتی زیاتری نەبووە.  

سەرچاوەیەكی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات بەهۆی رووداوەكەوە، شەش بریندار هەیە، كاتێك شەڕ لە نێوان هێزێكی حەشدی شەعبی و پۆلیسی كەربەلا دروست بووە لە بازاڕی حبووبی لە ناوەڕاستی شارەكە، بریندارەكانیش لە هێزەكانی پۆلیسن.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل