گرنگیدان بە توانای گەنجان هۆكارێكی تری سەركەوتنی پارتییە

:: PM:02:29:24/10/2021 ‌
لە دوای ئەو سەركەوتنەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی 10ی ئەم مانگە بۆ پەرلەمانی عێراق بە دەستی هێنا، هاووڵاتییان و توێژی گەنجان باس لەوە دەكەن، پارتی تاكە حزبە گرنگی داوە بە گەنجان و بەردەوام لەگەڵ هەوڵ و ماندووبوونەكانی گەنجان بووە و گوێی لە گەنجان گرتووە، ئەوەش هۆكاری ئەوەیە گەنجان متمانەیان بە پارتی هەیە و دەنگی پێ دەدەن.

پارتی یەكێكە لەو حزبانەی كە زۆرترین گەنجی لەگەڵدایە و هەمیشە لەگەڵ گەنجان بووە و گرنگی بە تواناكانی گەنجان داوە، چونكە پێی وایە گەنجان داهاتووی وڵاتن و ئەوانە داینەمۆی بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگان، بەهۆی ئەوانەوە كوردستان پارێزراو دەبێت.

بانیان هیوا گەنجێكی دانیشتووی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی تاكە حزبە كە هیوا و ئومێدی گەنجانە، كار بۆ بەرەوپێشچوونی توانای گەنجان دەكات، لە كوردستاندا گەنجان هیوای زۆریان بە پارتی هەیە، لە سایەی ئەو حزبە كار بۆ ئەوە دەكەن بتوانن لە داهاتوودا ببنە جێی ئومێدی هەمووان، پارتی حزبی گەنجانە و هەر ئەوەش وایكردووە زۆر لە گەنجان متمانەی خۆیان بدەنە پارتی دیموكراتی كوردستان.

پارتی هەمیشە ویستوویەتی چینی گەنج لە كۆمەڵگا بەرەوپێش بڕوات


ئەو هەروەها گوتی، گرنگیدانی پارتی بە توانای گەنجان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە "پارتی هەمیشە ویستوویەتی چینی گەنج لە كۆمەڵگا بەرەوپێش بڕوات، تواناكانی خۆیان بخەنەگەڕ، كار بكەن لە پێناو گەیشتن بەمافەكانیان، ئەمە وایكردووە گەنجی وڵاتی ئێمە متمانەی بە پارتی هەبێت، پارتی بە سەرمەشقی خۆی بزانێت، پێشینەی كاری پارتی هەمیشە خزمەتكردن بووە بە گەنجان لە هەموو بوارەكان، گەنجیش كە دەبینێت ئەو حزبە خزمەت دەكات، لە هەڵبژاردندا پشتی دەگرن و دەنگی پێ دەدەن و سەردەكەون، ئەگەر پارتی حزبی خزمەتكردن نەبێت، بۆچی هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ژمارەی كورسییەكانی زیاتر دەكات."

بڵند فاتیح گەنجێكی ترە و باس لەوە دەكات، گەنج و پارتی دوانەیەكی هەمیشە پێكەوە لكاون، گەنجان نایانەوێ لە پارتی داببڕێن و پارتیش هەمیشە لەو پێناوەدا كاری كردووە دڵی گەنجان رابگرێت، گەنج لە وڵاتی ئێمەدا عەوداڵی ئەوەیە لایەنێك هەبێت گرنگی پێ بدات، لێی تێبگات و لەگەڵیدا كار بكات، گەنج لای ئێمە هێندە فەرامۆش كراوە، بۆیە گەنجەكانمان نامۆن، نامۆن لەوەی گرنگیدانیان دەوێت و پێویستیان بەوە هەیە كەسێك لێیان بپرسێتەوە.

ئەو گوتی، لە هەر وڵاتێك گەنجان داینەمۆی بەرەوپێشچوون و خزمەتكردنن، گەنج توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی هەیە، گەنجانی وڵات هۆكاری بەرەپێشبردنی وڵاتی خۆیانن، گەنجی كوردستان هیچی لە وڵاتانی تر كەمتر نییە، پارتی وەك لایەنێكی بەهێزی كوردستان گەنجانی هێناوەتەوە پێشەوە، رۆڵی پێ داون و دەیەوێت خزمەت بە گەنجان بكات.

عەلی ئەنوەر گەنجێكی ترە بە "وشە"ی راگەیاند، دروشمی پارتی بۆ گەنجان ئەوە بووە كە هەمیشە گەنج ئامانجی سەرەكی پارتی بووە، دەیان ساڵە پارتی دەسەڵاتی بەشێكی گرنگی كوردستان دەكات، لە ماوەی ئەو دەسەڵاتەیدا هەمیشە بە گرنگییەوە روانیویەتە توانای گەنجان، كاری كردووە بۆ سەرخستنی گەنجان، بەشێكی پارتی لە گەنجان پێكهاتوون ئەوانەی كە خۆیان و ئومێدیان لەو حزبەدا دەبیننەوە.

گەنجان لە سایەی پارتی متمانەیان بۆ دروست بووە


ئەو باسی لەوەش كرد، ئێستە گەنجان لە سایەی پارتی متمانەیان بۆ دروست بووە، ئەمە وایكردووە گەنجان دەنگ بە پارتی بدەن، پارتی حزبێكە هیچ كات لە بەرپرسیارێتی هەڵنەهاتووە و هیچ كات گەنجان بەجێ ناهێڵێت.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 10ی ئەم مانگە كە لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی 33 كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت و بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو ژمارەی كورسییەكانی زیاتر بكات، بەوەش پێگەی كورد لە بەغدا بەهێزتر بوو.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان