قسەی جیاواز لەسەر تەقینەوەكەی ئێران دەكرێت

:: AM:09:57:05/12/2021 ‌
شەوی رابردوو تەقینەوەیەكی گەورە لە نزیك وێستگەی ناوكیی نەتەنز لە ئێران رووی دا ، تا ئێستە بە وردی دیار نییە تەقینەوەكە لە كوێ و لە چ شوێنێك رووی داوە.

میدیاكانی ئێران هەواڵی تەقینەوەكەیان بڵاو كردەوە بێ ئەوەی باس لە زانیاریی ورد بكەن، هەندێك سەرچاوە گوتیان فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان تەقێنراوەتەوە، هەندێك سەرچاوەی تریش باسیان لە تاقیكردنەوەی مووشەكێك كردووە.

ئاژانسی فارسنیوز ئاماژەی داوە، دەنگەكە لە 20 كیلۆمەتری وێستگەكە لە بادرود رووی داوە، لەگەڵ دەنگەكە تیشك و رووناكییەكی زۆریش لە ئاسمان بینراوە. تەقینەوەكە ئەوەندە بەهێز بووە، زیانی بە هەندێك باڵەخانە گەیاندووە.

مووشەكێكی بەرگری ئاراستەی ئامانجێك لە ئاسمانی وێستگەكە كراوە


كەناڵی خەبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەبارەی تەقینەوەكە گوتوویەتی، مووشەكێكی بەرگری ئاراستەی ئامانجێك لە ئاسمانی وێستگەكە كراوە و دواتر لە ئاسمان تەقێنراوەتەوە، دەنگی تەقینەوەكە پێوەندی بەم رووداوە هەبووە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، پرسی ئەو تەقینەوەیە لە كاتێكدایە كە دوو رۆژە دانوستانی ناوكی نێوان ئێران و وڵاتانی چوار كۆ یەك لەلایەك و ئەمەریكا لەلایەكی تر، بەشێوەیەكی كاتیی راوەستاوە و دانوستانەكانی پێشتریش بێ دەرەنجام بوون.

پێشتریش ئەم جۆرە تەقینەوانە لە ئێران روویان داوە، حكوومەت و میدیاكانی ئێران زانیاریی هەڵەیان بڵاو كردووەتەوە و دواتر دەركەوتووە رووداوەكە شتێكی تر بووە.



وشە - سلێمان تاشان