بەرەی توركمانی لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك تۆقیوە

:: PM:07:35:06/12/2021 ‌

دوای هێرشەكەی شەوی رابردووی داعش لە ناوچەی كەلی قەرە سالم لە سنووری پارێزگای كەركووك، كە ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، بەرەی توركمانی لەو ساتە ناخۆشەدا دووپات لەوە دەكاتەوە، پاراستنی تەناهی كەركووك بەتەواوەی بدرێتە هێزەكانی عێراق و ئاماژە بۆ بڕیارێكی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2017 سەبارەت بە ناوچە كێشەلەسەرەكان دەكات.
تەواوی سنووری پارێزگای كەركووك رادەستی هێزە فیدرالییەكان بكرێت
لە بەیاننامەیەكی بەناو سەرەخۆشی لە فەرمانگەی راگەیاندنی بەرەی توركمانیدا هاتووە، سەرەخۆشی لە شەهیدانی هێرشە تیرۆریستییەكەی ناوچەی قەرە سالم لە كەركووك دەكەین، داوا لە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەكەین بە جێبەجێكردنی پلانێكی تۆكمە بۆ پاككردنەوەی ئەو ناوچانە، بە بەشداریكردنی هەموو جۆرێكی هێزە چەكدارەكانی عێراق و دەزگای دژە تیرۆری فیدرال و رادەستكردنی تەواوی سنووری پارێزگای كەركووك راستەوخۆ بۆ كۆنترۆلی هێزە فیدرالییەكان.

زیاتر هاتووە، ئەوەیش وەك جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە 29ی رۆژی 31/10/2017 و بۆ رێگرتن لە سوودبینی سیاسیانە لەو گرووپە تیرۆریستیانە بۆ شێواندنی دۆخی تەناهی پارێزگای كەركووك.    

شایەنی باسە هەریەك لە ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی پێشووی بەرەی توركمانی و حەسەن تۆران، سەرۆكی ئێستەی بەرەكە، رایان گەیاندبوو كە رێگە بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركووك نادەن، بەرەی توركمانی بوونی پێشمەرگە لە كەركووك و خورماتوو و نەینەوا رەت دەكاتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل