كەلار.. لە مانگێكدا پشكنین بۆ سێ هەزار شوێنی كار كراوە

:: PM:03:04:12/12/2021 ‌
لە ماوەی مانگێكدا لە كەلار، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەت، پشكنینیان بۆ سێ هەزار شوێن كردووە و  بە هۆی سەرپێچی و پابەند نەبوون بە رێنوێنییەكان، 50 شوێنی كاریان سزا داوە .

قایمقامییەتی شارۆكەی كەلار ناوەندی ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی داوە، لە پێناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و جێبەجێكردنی رێنوێنییەكان، لیژنەكانیان شەو و ڕۆژ سەردان و پشكنین لە سنووری شارۆكەكە دەكەن و هەر سەرپێچكارێك ببینن، سزای دەدەن.

295 هەڵمەتی سەردان و پشكنینیان ئەنجام داوە

بەپێی ئامارێكی قایمقامییەتەكە، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، 295 هەڵمەتی سەردان و پشكنینیان ئەنجام داوە و بە گشتی توانیویانە پشكنین بۆ دوو هەزار و 965 شوێن بكەن.

وەك لە ئامارەكەدا هاتووە، هەر لەو ماوەیەدا بەهۆی سەرپێچی و پابەند نەبوون بە رێنوێنییەكان، 43 شوێن بە سزای دارایی دراون و حەوت شوێنی تر داخراون.

بەگشتی 270 كیلۆگرام خۆراكی بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە. دوو تۆن و 740 كیلۆگرامیش خۆراكی تێكچوو لەلایەن خاوەن كارەكان رادەستی لیژنە جیاوازەكانی قایمقامییەت كراوە.

گەرمیان/هەژار رەشید


وشە - سلێمان تاشان