شۆفێری شۆفڵێك لەكاتی پاككردنەوەی ڕێیەك گیانی لەدەستدا

:: PM:12:45:21/01/2022 ‌
شۆفێری شۆفڵێك لەكاتی پاككردنەوەی ڕێی دەربەندی سەرتەكی بەمۆ بەهۆی خلیسكی و نالەباری ڕێیەكەوە، كەوتە خوارەوە و دەستبەجێ شۆفێرەكەی گیانی لە دەست داوە و تیمەكان لەئیستەدا لەهەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەرمەكەی.

ئەمرۆ هەینی 21ـی كانوونی دووەم، نەریمان حەلاق بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی بەمۆ بە"وشە"ی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ شۆفڵێك لەكاتی پاككردنەوەی ڕێی دەربەندی سەرتەكی بەمۆ، بەهۆی بەستەڵەك و درووستبوونی سەهۆڵ و شەختەوە و لەسەر ڕێیەكە خلیسكاوە و كەوتۆتە خوارەوە بۆ ناوكەندێك.

زیاتر گوتی، لەو رووداوە شوفێرەكە بەناوی " محەمەد فایەق" كە دانیشتووی شارۆكەی دەربەندیخانە و خۆبەخشانە هاتووە بۆ پاككردنەوەی ڕێیەكە،  گیانی لە دەستدا، لەئێستەشدا هەموو تیمەكانی پۆلیس و شارەوانی لەهەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەرمەكەی.

باسی لەوەش كرد، بەهۆی ئەو ڕێژە زۆرەی بەفربارینەوە تائێستە نەتواندراوە ڕێی سەرەكی بەمۆ و گوندەكانی دەوروبەری بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا بكرێنەوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین لەماڵەكانیان بمێننەوە و تا دۆخەكە ئاسایی نەبێتەوە هاتوچۆ نەكەن.

ماوەی چەند ڕۆژێكە بەهۆی ئەو شەپۆڵە بەفربارینەی كە ڕووی لەهەرێمی كوردستان كردووە ئاستەنگی هاتوچۆ لەزۆرێك لە شاروشارۆكەكان دروستبووە و هاوكات چەندین  رووداوی هاتوچۆ بەهەمان هۆكار تۆمار كراون.


ئاسان محەمەد.



وشە - رامیار جەواد